ئەشکەوتی قوڕەقەڵا گەورەترین و سەیروسەمەرەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیا لە 86 کیلۆمەتری شاری کرماشان لەسەر رێگای جادەی پاوە و لە باکووری شاری جوانڕۆوە هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە کە هەنووکە وەکوو یەکێک لە دیار و بەرچاوترین راکێشەرە گەشتیارییەکانی پارێزگای کرماشان و رۆژئاوای ئێران ئەژمار دەکرێت، بەگوێرەی بیروڕای کارناسان گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیا و درێژترین ئەشکەوتی ئاویی ئێرانە.
هۆکاری ناونانی قوڕەقەڵا
گوندێک بە ناوی قوڕەقەڵا لە نێزیکی ئەم ئەشکەوتەدا هەڵکەوتووە کە لە مێژەوە دەوروپشتی ئەم گوندە بە قەڵاگەلی جۆراوجۆر حەشار دراوە و ئاوەدان کراوەتەوە، شێوازی یەکێک لەم قەڵایانە لە قۆری چووە هەر بۆیەشە کە نێوی ئەم گوندە و هەروەها ئەم ئەشکەوتە بە قوڕەقەڵا چەسپاوە.
لە گێڕانەوەیەکیتر دا، ئەمەی کە بۆچی ئەم ئەشکەوت و گوندە وەک قۆری ناو براوە گەڕانەوەیەتی لەرووی مێژووییەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان. لەو سەردەمە دا قەڵایەکی گەورە و قایم رۆنرا کە ئێستاکەش ئاسەوارگەلێکی لێ بەجێ ماوە، ئەم قەڵایە بە هۆی قووڵ و قایم بوونییەوە لە زمانی کوردی و لای نەتەوەی کورد بە “گوڕە قەڵا” ناوزەد کرا. وشەی “گوڕا” لە زمانی کوردی دا بە واتای گەورە و قەڵاش بە واتای شوێنی بەرز و قایم و تێ دزە نەکراو واتە دژ دێت، لە درێژایی زەمەن دا ئەم ناوە بەرەبەرە گۆڕانکاریی بەسەر دا هاتووە و لە ژێر ناوی “گوڕی قەڵا” و دواتر “قوڕەقەڵا” ناوبانگی دەرکردووە.
دواتر پاش درووست بوونی گوندەکە لە قەراغ قەڵاکە هەمان ناو واتە قوڕەقەڵا بۆ گوندەکەش دەکار کراوە، لە لایەکیترەوە چوونکوو نێزیکترین شوێنی نیشتەجێ بوون لە قەڵاکە هەمان گوند بووە، دواتر ناوی ئەم ئەشکەوتەش بە”ئەشکەوتی قوڕەقەڵا” نابانگی دەرکردووە.
قوڕەقەڵا، وەکوو یەکێک لە جوانترین و بەنرخترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی جیهان بە 65ملیۆن ساڵ مێژوو و کەونینەوە لە ماوەی ساڵەکانی 1355تا 1356ی هەتاوی لە لایەن گرووپێک لە ئەشکەوت ناسان و زیندەوەر ناسانی ئینگلیسی و فەرانسەوی کە لە هەوڵی دۆزینەوە و کەشفی زیندەوەرە شیردەرەکان(پستانداران)لەوانەش شەمشەمەکوێرە لە 80 کیلۆمەتری کرماشان و هەروەها کوێستانە پڕ لە دارەکانی پاوە و ئەورامانات بوون، دۆزرایەوە. ئەوان 620 مەتر لە قووڵایی ئەشکەوتەکەیان بڕی و پێوایان و گەیشتنە خاڵ و شوێنێک کە ئاوەکە هاوئاست و رێکی بنمیچی ئەشکەوتەکە بوو و بە باوەڕی ئەمەی کە ئەم خاڵە کۆتایی ئەشکەوتەکەیە، گەڕانەوە، هەڵبەت بە پێی دەربڕینی هەندێک لە بەرپرسە خۆماڵییەکان، خەڵکی ئاوایی و گوندنشینان ساڵگەلێک لەمەوپێش ئەم ئەشکەوتەیان بینیبووە و ناسیبوویان.
بە پێکهاتنی لێژنەی ئەشکەوت بڕی(غارنوردی) لە ئێران و دوای پێنج ساڵ لێکۆڵینەوە و موتاڵا دەستەیەک ئەشکەوتناس توانیان لە ساڵی 1368لە قۆناغی یەکەمی سەفەریان بە ناو ئەشکەوتەکە دا بگەنە قووڵایی 2030مەتری ئەشکەوتەکە و دواتر لە قۆناغی دووەم دا بگەنە قووڵایی 3140مەتری. ئەندامانی ئەم گرووپە بۆ گەیشتن بەم قووڵاییە، نێزیکەی دوانزە کیلۆمەتر ئاراستە پێچاوپڵووچەکانی ئەشکەوتەکەیان بڕی و نەخشەیان لێ هەڵگرت. گەیشتن و دەست گرتن بەم قووڵاییە، ئەشکەوتی قوڕەقەڵای وەکوو گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیا و هەروەها درێژترین ئەشکەوتی ئاویی ئێران ناساند.
بە وتەی کارناسان کەونینەیی بوونی ئەم ئەشکەوتە کە لە ئاهەک(کسڵ)ی “تیرۆراسیک” و “کەرتاسە” پێکهاتووە، دەگەڕێتەوە بۆ65ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و دەورەی دووەمی زەویناسی.
ئەم ئەشکەوتە لەدرێژایی مێژوو دا وەکوو پەناگەیەکی ئەمن و دوورەدەست کەڵکی لێ وەرگیراوە و دۆزینەوەی ئاسەوارگەلێک وەکوو کاسە، دەفر و ژمارەیەک پەرداخ و سکە لە سەردەمی”یەزدگردی سێیەم” ئاماژەیە بۆ لەمێژینەبوون و کەڵک وەرگرتن لەو ئاسەوارانە لە سەردەمی کەونارا دا.
قوڕەقەڵا، سەیر و سەمەرەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیا
پاش تێپەڕین لە هۆڵی چوونەژوورەوەی ئەشکەوت، یەکەمین شوێنەواری پان و بەرین کە وەدیار دەکەوێت بەناوی”هۆڵی مریەم” ناونراوە. ئەم رووبەرە وەکوو زەریاچەیەکی بەرینە کە دەوراندەوری بە قەندیلگەلێکی زۆر جوان لە شێواز و سیمای جۆراوجۆر دا خەمڵێنراوە. ئەم قەندیلانە کە هەر کام شکڵ و شێوازێکی تایبەتمان وەبیر دێنێتەوە هۆکاری سەرەکی ناونرانی هەر کام لە بەشەکانی ئەم ئەشکەوتەن. بۆ نموونە هەبوونی قەندیلێک بە شکڵ و سیمای حەزرەتی مریەم بووەتە هۆی ناونانی یەکەمین هۆڵی ئەم ئەشکەوتە بە ناوی هۆڵی مریەم.
سەرەڕای ئەمەش لە ناوەوەی ئەشکەوتەکە دا و لە سەر سینەی ناوەوەی دا دەشێت بەشێوازی سرووشتی و بە بێ دخاڵەتی ئینسان ئاسەوارگەلێکیتر وەکوو فیردەوسی، ئەمیر کەبیر، باوەنۆئیل، شێری بەردین، ماسی، ماری کوبرا، کارگ، بورجی پیزا، لاروخساری شێر، فیل، دڵ، گوڵی کەلەم، بەستەنی، کەشتی، ملی قاز، تاڤگە، کێسەڵ، نێوی حەزرەتی موحەمەد(د.خ) و هەروەها ماکێتی شاری پاوە بەدی بکرێت. لە قووڵایی هەزار مەتری ئەشکەوتەکە دا هۆڵێک هەیە کە تێیدا جوانترین و گەشەدارترین ئەستێڵۆکە(حوزچە)ی جیهان سەرەنجی هەمووان بۆ لای خۆی رادەکێشێت. لەم رووبەرە دا قەندیلگەلێکی وەکوو پەردەی ناسک، بوونیان هەیە کە بە ئەنگوست کوتان لە سەر هەر کامەیان دەنگ و نەوایەک وەکوو یەکێک لە ئامێرە مۆسیقاییەکان بەر گوێ دەکەوێت هەر بۆیەشە ئەم هۆڵەیان ناو ناوە “هۆڵی بیتۆڤێن”.
لە قووڵایی هەزار و 500مەتری ئەشکەوتەکە دا، هۆڵێک بە ناوی “هۆڵی بووک” هەڵکەوتووە کە بەراستی جوانی و ناسکییەکەی بە زمان نایەتە گوتن، جنس و مەتریاڵی بەردەکانی ئەم رووبەرە لە کریستاڵی سپی و بریقەدار پێک هاتووە و ئەگەر کەسێک بەسەر ئەم بەردانە دا بڕوات شوێن پێی ناسک ناسک دەکەوێت. لە بن میچی ئەم هٶڵەدا قەندیلگەلێک بە شێوازی میلەی پێنووس کە ماک و جنسیان لە رۆنیشتن(رسوب)ە ئاهەکییەکان و حاڵەتە کریستاڵییەکانە، شۆڕبوونەتەوە کە بەرزایی هەرکامەیان دەگاتە دوو تا هەشت مەتر، ئەم قەندیلانە هێندە ناسک و نارینن کە بە لێدانی دەستێک هەشت مەتری هەڵدەوەرێت.
لە قووڵایی دووهەزار و 700مەتری ئەشکەوتەکە دا، چوار تاڤگە بە بەرزی 10 تا 12 مەتر بوونیان هەیە کە لە ئاوەها قووڵاییەک دا بوونی ئاوەها تاڤگەگەلێکی جوان و سەیر جێگەی گومانی چاوە و هەر بینەرێک شەیدا و گیرۆدەی خۆی دەکات.
لە بەشێکیتری ئەم ئەشکەوتە دا توونێلێک بە ناوی”توونێلی بەرزەخ” هەیە کە بە سامناکترین و وەحشەتناکترین شوێنگەی ئەم ئەشکەوتە ناوزەد کراوە، درێژایی ئەم توونێلە 220مەترە کە بە پانایی 3مەتر نیوەی هەڵکەوتووەتە ناو ئاوەوە. هەڵبەت ئەو رووبەر و هۆڵانەی کە باس کران بۆ بینین و دیتنی هەمووان نییە و تاکوو ئێستاکە تەنها 500 مەتری ئەم ئەشکەوتە ئامادەکاری و نوورڕێژیی بۆ کراوە و دەشێت هەمووان بیبینن.
قوڕەقەڵا، ژینگەی دانسقەترین شەمشەمەکوێرەی دونیا
بەوتەی کارناسان قووڵاییەکانی ئەم ئەشکەوتە شوێنگەی ژیانی چەشنێکی دانسقە لە شەمشەمەکوێرەیە کە بە نێوی شەمشەمەکوێرەی”گوێچکە مشکی” ناوزەد کراوە کە بووەتە هۆی سەرەنج راکێشانی زۆرێک لە گیانلەبەرناسانی دونیا بۆی، بەڵام جگە لەم چەشنە شەمشەمە کوێرەیە تاکوو هەنووکەش چەشنێکیتر لە ژیانکردنی گیانلەبەران لەم ئەشکەوتە دا بەدی نەکراوە.
بەڵام کارناسانی ئاسەواری کەلتووری لە سەر ئەو باوەڕەن کە زانیارییەکان وا پیشان دەدەن کە تا بەر لەوەی ئەم ئەشکەوتە ببێتە ئەشکەوتێکی گەشتیاری رێژەیەکی زۆر لەو مۆرەدارانەی(مهرەدار) کە لە ئەشکەوت دا دەژین وەکوو شەمشەمەکوێرەکان و سەمەندەری خاڵ زەرد تێیدا ژیاون.
ئەشکەوتی قوڕەقەڵا، ئەشکەوتێک بۆ هەموو وەرزەکان
پلەی گەرمای ئەم ئەشکەوتە لە حەوت پلەی ژێری سیفرەوە تاکوو یازدە پلە سەرووی سیفر لە بەرزی و نزمی دایە، رێژەی شێی 89لە سەدە کە ئەم کەش و هەوایە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە تەواوی وەرزەکانی ساڵ دا گەشتیاران بە سانایی بەسەری بکەنەوە و بیبینن.
قوڕەقەڵا، یەکێک لە حەوت ئاسەواری سرووشتیی نەتەوەیی ئێران
ئەم ئەشکەوتە لە بناری کێوی شاهۆ و لە یەکێک لە شاخاویترین ناوچەکانی ئێران هەڵکەوتووە. ئەو دەربەندەی کە ئەشکەوتەکەی تێدا هەڵکەوتووە لە جوانترین دەربەندەکانی پارێزگای کرماشانە کە لەخۆگری تایبەتمەندیگەلی دانسقە و کانیاوگەلی زۆروزەبەند لەگەڵ بەرجەوەنگەلێکی سەرسووڕهێنەر و راکێشەرە.
هەبوونی دارستانگەلێکی چڕ بەشێوەی دارگەلی جۆراوجۆری وەکوو بەڕوو، هەنجیری کێوی، بادامی کێوی و هەروەها حەیوانگەلێکی وەکوو گورگ، رێوی، خووگ، کەروێشک، کەڵ و بزنە کێوی لە دەوروپشتی ئەم ئەشکەوتە، جوانییەکی هەرە تایبەت و ئەفسووناوی بۆ بە دیاری هێناوە.
ئەم ئەشکەوتە هاوتەریب لەگەڵ دارستانە جوانەکانی بەڕووی دەوروپشتی خاوەنی پوتانسییەل و وزەیەکی ناوازە و زۆری هێزەکییە بۆ راکێشانی گەشتیارە نێوخۆیی و دەرەوەییەکان و هەر بەم هۆیەشە کە قوڕەقەڵا لەژێر ناوی یەکێک لە حەوت ئاسەواری سرووشتیی نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئەم هەرێمە خاوەنی نرخ و بایەخێکی مێژوویی تایبەتیشە، پاشماوەی ئاسەواری قەڵایەکی تایبەت بە دەورەی ساسانییەکان لە نێزیکیی ئەشکەوتەکە دا هەیە و هەروەها نێزیکەی 30شتومەک و ئامێری کەونارایی لەوانە کەللەسەری ئینسان و سوفاڵگەلی سەردەمی پێش لە مێژوو لێرەدا بینراوەتەوە.
ئەم ئەشکەوتە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ گەشتیاران و بۆ گەشتیاریی بەکار دێت بەڵکوو شوێنێکی شیاویشە بۆ ئەشکەوتپێوان، زەویناسان و گرووپە توێژینەوەییەکانی تر.
بە ئامادەکاریی و ئاسانکاریی ژێرخانگەل و ژێرسازگەلی پێویست بۆ گەشتیاران، پارێزگای کرماشان بە هەبوونی ئاسەوارگەلێک وەکوو تاقۆسان، کێو و هەڵکۆڵراوی بێستوون، پەرستگەی ئاناهیتا، کێوی فەرهادتراش، ئەشکەوتی قوڕە قەڵا، شاری هەزار ماسۆڵەی پاوە و سەراوی روانسەر و چەند شوێنەوار و جێگەی دیکە، دەتوانێت ببێتە جەمسەرێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتی.
سەرچاوە: bank.ir
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری