بەشی یەکەم
کۆمەڵەی کۆشکی گوڵستان، یادگارێکی بەجێماو لە ئەرگی مێژوویی تارانە کە شوێنی نیشتەجێ بوونی پاشاکانی قەجەر بووە و لە جوانترین و کۆنترین بیناکانی پایتەختی دووسەد ساڵەی ئێران ئەژمار دەکرێت. ئەم بیانایە سەردەمێک وەکوو نقێمێک لە ناو ئەم ئەرگەدا دەدرەوشایەوە. کۆشکی گوڵستان یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی تاران کە خەڵکانێکی زۆر بە هیوایەتی بینین و بەسەرکردنەوەیین.
پێشینەی مێژوویی کۆشکی گوڵستان
مێژووی کۆشکی گوڵستان، لە شوێنەوارە سەرنجڕاکێشەکانی تاران، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاعەباسی سەفەوی(988کۆچی-ـ مانگیی) و لەسەردەمی شاکانیتریش دا کەم تا زۆر لەبەر سەرنج بووە تاکوو لە سەردەمی کەریم خانی زەند دا، لەنێوان ساڵەکانی 1173تاکوو1180ی کۆچی ـ مانگی دا ئەم کۆمەڵە تەلارە بە درووستکرانی دیوانخانەیەک تێیدا گۆڕانکاریی بنەمایی بەسەر دا هات، بەڵام گرنگیی راستەقینەی ئەم کۆشکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاگاموحەمەدخانی قەجەر. کۆنترین بیناگەلی هێشتا زیندوو لە کۆمەڵەی کۆشکی گوڵستان بریتیین لە ئەیوانی تەختی مەڕمەڕ و خەڵوەتی کەریمخانیی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی کەریم خانی زەند. ئەو لە شەڕەکانی خۆی لەدژی موحەمەد حەسەن خانی قەجەر لە ساڵی 1172 تارانی کردە ئامانجی لەشکرکێشی و هۆردووکێشی خۆی و پاش سەرکەوتنی لەم شەڕەدا لە دیوانخانەی کۆنیی تاران کە لەسەردەمی شاسوڵەیمان دا درووست کرا بوو بانگەوازێکی گشتی راگەیاند و خۆی وەکوو “وەکیلی رقعایا” واتە وەکیل و نوێنەری کۆمەڵانی خەڵک ناوزەد کرد و دەسەڵاتی حکوومەتی گرتە دەست.
لەسەر بڕیاری ئەو لە هاوینی هەمان ساڵ دا حەساری ئەرگ دیسان بووژایەوە و جووتێک حەرەمخانە و خەڵوەتخانە و هەروەها عیمارەتی دارولحکومە لە ناوەوەی دا بنیات نرا و لە هاوینی ساڵی دواتر دا واتە ساڵی1173 کە هۆردووی خۆی بۆ چەمەنی سوڵتانییەی زەنجان گواستەوە، فەرمانی دا جووتێک عیمارەتی تایبەت و دیوانخانەیەکی گەورە بەشێوازی ساسانییەکان و هەروەها باخێک لە تەنیشتییەوە درووست بکەن.
دوای مردنی کەریم خانی زەند لە ساڵی1193ئاگاموحەمەد خانی قەجەر لە ساڵی1200دا تارانی وەکوو پایتەخت هەڵبژارد، بەڵام بە هۆی لەشکێرکێشییە بەردەوامەکان کەمتر لە ناوەندی دەسەڵاتەکەی واتە تاران دا دەمایەوە و بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوە دەرفەتێکی وەهای نەبوو! تا وەکوو ئەو سەردەمەی کە فەتحعەلی شای قەجەر لە ساڵی 1211لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت، لەو سەردەمە بەم لاوە بە پەرەسەندنی دەزگا ئیداری و حکوومییەکانی سەڵتەنەتی قەجەر، بیناگەلێکی جۆراوجۆر لە نێو ئەرگی تاران، بەزۆرییش لە سەردەمی فەتحعەلی شاو و ناسرەدین شای قەجەر درووست کرا.
لەسەردەمی رەزاشای پاڵەوی دا، بەشگەلێکی زۆر لە ئەرگی تاران، لەوانەش حەوشەکەی دەوری ئەرگ، سەردەری بابی عالی، بینای دەفتەری ئیستیفا، نیگارخانە، تەکیەی دەوڵەت، نارنجستان، باخی گوڵشەن و بینانێوەکییەکان(ساختمانهای اندرونی) رووخێنران. جێگەی نیشتەجێ بوونی شا گوازرایەوە بۆ کۆشکی مەڕمەڕ و نیاوەران و دواتریش لە سەردەمی حەمەرەزا شای پاڵەوی دا گوازرایەوە بۆ کۆشکی سەعدئاباد و کۆشکی گوڵستان بوو بە اوێنی میوانداری میوانە بیانییەکان. دوای شۆڕشی ئیسلامی کۆشکی گوڵستان وەکوو زۆربەی عیمارەتە سەڵتەنەتییەکانیتر کرایە مۆزەخانە تاکوو هەمووان بتوانن بەسەری بکەنەوە و بیبینن و لە تەماشای ئەو جوانیانەی کە ئاکامی بیر و پەنجەی هەنەرمەند و سنعەتکارە ئێرانییەکانن چێژ وەرگرن.
تەکیەی دەوڵەت
تەکیەی دەوڵەت بەفەرمانی ناسرەدین شا لە ساڵی1284ی کۆچی ـ مانگیی(هەڵبەت لەبارەی مێژووی راستەقینە و دەقاودەقی تەکیەی دەوڵەت، گێڕانەوەگەلێکی جیاواز هەن) و بە راوێژکاریی دۆست عەلی خانی موعیرولمەمالیک(بەڕێوەبەری زەڕابخانە)، لەماوەی 5ساڵ واتە1284تا1290ی بە تێچوونی زۆرتر لە سێسەد هەزار تمەن بینا کراوە. لە سەروبەند و سەردەمی بیناکردنی تەکیەی دەوڵەت لەتاران نێزیکەی 40تا45 حەڵقەدەرگا تەکیە هەبوو کە بەتێپەڕینی کات ژمارەیان زیادی کرد و گەیشتە ئاستی 70 تا 80تەکیە. لە نێوان ئەمانە دا، تەکیەی دەوڵەت بەهۆی شیوازی میعمارییەکەی زۆرتر لە باقی تەکییە کۆنەکانی تری تاران وەکوو تەکیەی حەوشی شایی و تەکیەی حاج میرزا ئاغاسی، سەرنجی مێژوونووسان و هونەرناسە ئێرانی و نائێرانییەکانی بۆ خۆی راکێشا بوو.
لەبارەی هۆکانی درووست کردنی تەکیەی دەوڵەت لە کتێبی “کورتەمێژووی کۆشکی گوڵستان و بینا سەڵتەنەتییەکان” نووسراوی یەحیازوکا وا هاتووە: بایەخ دارترین و بەربڵاوترین تەکیەی تاران کە تازییە دەوڵەتییەکان تێیدا بەڕێوە دەچوو تەکیەی حاج میرزا ئاغاسی(تەکیەی دەوڵەتی قەدیم)بوو کە بە ناوی تەکیەی عەباس ئابادیش ناوزەد کرا بوو. پێشوازی زۆر و زەبەندی خەڵک بەتایبەتی ژنان لە نواندنە مەزهەبییەکان، و هەروەها گچکەیی و تەنگ وتۆڵی فەزای تەکیەی عەباس ئاباد، دەبووە هۆی قەرەباڵغی و گێرمەوکێشە و نوندنی ئەپیزۆدی”شێوازگێڕیی(شبیه گردانی)” تووشی بشێوی و نەگونجاوی دەکرد و پێویستییەکانی زەمەن و هەل و مەرج بوونی تەکیەیەکی گەورەتر و بەرفراوانتری دەخواست. بەم هۆ و هۆکارانەوە ناسرەدین شا سەرەڕای دەرکردنی فەرمانی سازاندنی بینای شەمس ولعیمارە، فەرمانێکیشی بۆ درووست کردنی تەکیەیەکی گەورەتر و بەرفراوانتر لە نێو ئەرگی سەلتەنەتی بە دۆستعەلی خانی مەعیرولمەمەلیک راسپارد.
شێوازی گشتی بینای تەکیەی دەوڵەت لە دەروەڕا وەکوو مەنشوورێکی هەشت گۆشە بوو کە لە ناوەوەڕا دەبووە ئوستوڤانەیەکی تەواو کە 60مەتر ناوقەدی بوو. ئەم بینایە بە بەرزایی نێزیکەی 24مەتر لە چوار نهۆم دا(هەڵبەت بە حسێب کردنی ژێرزەمین و سەردابەکان) بە پانتایی نێزیک بە 2824مەتری چوارگۆشە و جێبوونەوەی(گنجایش) نێزیکەی 20هەزار کەس گەڵاڵە کرا بوو. کۆڵەکەی بیناکە سست و لەرزۆک بوو و لەسەر ئەرزێکی خاو هەڵنیشتبوو و هەر ئەمەش لەسەرەتاوە ببووە هۆی کێشە و گرفتگەلێک بۆ وەستان و راگیراوی بیناکە، تەکیەی دەوڵەت سێ دەرگای چوونە ژوورەوەی هەبوو: دەرگای سەرەکی و گەورە لە گۆشەی خۆرهەڵاتی تەکیەکە دایە کە بۆ پیاوانە و دەرێکی دوو لنگە و سەردەرێکی جیناغی هەیکەلەکەی پێک دێنن، دەرگای گۆشەی خۆرئاوایی کە بۆ خانمانە و بە ئاراستەی مەیدانی ئەرگەوە بە سەردەرێکی جیناغی و شەش منارەی بچووک لە دوولاوە و خەمڵێنراو بە کاشی مەعقەلی درووست کراوە، دەرگای سێهەم رێڕەوێکی پڕپێچ و پەنا و تاریک بوو کە بەشی شانشینی تەکیەی هەڵدەپێکرایە گۆشەی باشووریی کۆشکی گوڵستان و شا بۆ چوونەژوورەوەی بۆ تەکیە بەوێدا تێدەپەڕی.
تەکیەی دەوڵەت تا کۆتایی سەردەمی قەجەر بەرپا بوو، تا ئەو شوێنەی کە تەرمی موزەفەرەدین شا لە رێوڕەسمێکی بەشکۆ دا برا بۆ ئەوێ و تا کاتت گواستنەوەی بۆ عەتەبات هەر لەوێندەرێ بوو. لە مانگی موحەڕەمی 1326یش موحەمەد عەلی شا وەکوو رێسای باوی هەر ساڵ، جوو بۆ تەکیە و بە هۆی شاڵاوی جەماوەر کۆمەڵێک خەسار هاتە ئەنجام. مەجلیسی موئەسیسانێ کە لە پانزەی سەرماوەزی ساڵی1304 بنیات نرا و ئەحمەدشای لە پاشایەتە لادا و رەزاخانی کردە سەرۆکی کاتیی حکوومەت، لە تەکیەی دەوڵەت دا دەستی بە ئیشەکانی کرد.
تەکیەی دەوڵەت، دوای مەشرووتە لە ژێر کاریگەری و سێبەری کەلتوور و هونەری رۆژئاوایی بەسەر وڵات و سەرهەڵدانی شانۆخانە و نواندنی نوێ لە ئێران، نرخ و بایەخ و گرینگی خۆی لە دەس دا. تەنانەت هەندێ جار رێوڕەسمگەلێک بێجگە لە شیوەن گێڕی و تازیەباریی تێیدا بەڕێوە چوو، بەم شێوەیە لە ساڵەکانی 1302و 1304 هەتاوی، بە نۆژەن کردنەوەی هەندێک لە بەشەکانی تەکیە، بۆ بەڕێوە بردنی رێورەسمگەلێک وەکوو”نمایشگەی کاڵا نیشتمانییەکان” و هەروەها درووست بوونی”مەجلیسی موئەسیسان” کەڵکی لێ وەردەگیرا. تەکیەی دەوڵەت، وەکوو گەورەترین شوێنگەی نواندنی مێژووی ئێران، بەساڵەها دارووخاو و نیوەچۆڵ بوو تاکوو ئەوەی کە لە ساڵی 1325ی کۆچی ـ مانگی بەمەبەستی درووست کردنی کەرتی بانکی میلی، رووخاندیان و زۆربەی پانتای بیناکە بۆ ئەوە تەرخان کرا.
عیمارەتی دەرەوە
لە سەردەمی رابردوو دا عەمارەتێکی گەورە و درێژ کە تاڕادەیەکی زۆر لکا بووە گۆشەی باکووریی شەمس ولعیمارەوە، باخی گوڵستانی دەکرد بە دوو بەشەوە، ئەم عیمارەتە بە ئیمارەتی دەرەوە ناوزەد کرا بوو. ئەم بینایە لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا لە خۆگریی: ژووری مۆزە، تەلاری ئایەنەی گوڵستان، سنووقخانە و پۆشاکخانەی سەڵتەنەتی بوو. بنەمای ئەم تەلارە لە سەردەمی ئاعا موحەمەدخانی قەجەر دا رۆنرا بوو بەڵام لە ساڵی 1216کۆچی ـ مانگیی واتە لە سەردەمی پاشایەتی فەتحعەلی شادا وازی لێ هێنرا و لێی گەڕان.
ناسرودین شا دوای گەڕانەوەی لە سەفەرێکی دەرەوەی بەو هۆیەوە کە مۆزەخانەیەکی گەورە و گەپی بنیات نا، ئەم بینایە لە ساڵی 1296 دا رووخاند و کردیە شوێنێک بۆ زەریاچە یان ئەستێرک، کە ئەمەش ئەستێرکی پێشەوەی عیمارەتی بادگیر و شەمس و لعیمارە و هەروەها ئەستێرکی پێشەوەی تەلاری نوێی ئاوێنەی پێکەوە دەبەستەوە. ئەم ئەستێرکە لە سەرەتای حوکمڕانی پاڵەوی یەکەم پڕ کرایەوە و ئێستاش کراوە بە رووبەری سەوز.
لێرەدا پێویستە بەبیری بهێنینەوە کە ناوی کۆشکی گوڵستان لە نێوی ژوورەکە یان تەلاری گوڵستانی فەتحعەلی شا کە لە عیمارەتی دەرەوە هەڵکەوتبوو، وەرگیراوە و لەرێگەی گەڕاندنەوەی ناوی پاژ(جز) بۆ گشت(کل) هەموو کۆشکە سەڵتەنییەکانیان لە ژێر ئەم ناوە دا ناوزەد کرد، بەڵام هەندێ جاریش تەلاری نوێی ئاوێنەش بە تەلاری گوڵستان ناوزەد دەکرێت.
عیمارەتی ناوەکیی
کۆشکی گوڵستان لە باشوورەوە بەهۆی چەند دەرگا و داڵانی باریکەوە دەچووە ناو حەرەمخانەوە کە بە ئەندەروونی یان فەرەح ئاباد(شادی ئاوا) ناوزەد کرا بوو. پێش لە حوکمڕانی ناسرەدین شا حیمارەتی ناوەکیی هەر هەمان بیناگەل، ژوورگەل و تەلارگەلی سەردەمی فەتحعەلی شا بوون و بەقەولی کۆچکردوو موعەیەرەلمەمالیک ئەم بەشە لە بیناکان ئەگەرچی پانتایەکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام شێوە بنیاتنانێکی جوان و تایبەتی هەبوو.
لە سەرەتای حوکمڕانی ناسرەدین شا دا کە لە عیمارەتی ئەرگی سەڵتەنەتی دا ئاڵووگۆڕگەلێکی زۆر هاتە ئاراوە، بەپێی نووسینی هیدایەت لە کتێبی “رەوزە ئەلسەفای ناسری” گٶڕانکاریگەلێکی گرینگ لە عیمارەتی ناوەکیی، لە ساڵی1271 و لەرێگەی حاجی عەلی خانی حاجب و دەولە درووست کرا. پاش ئەوەی کە ژنانی ناو حەرەمخانەی ناسرەدین شا بەرە بەرە زیادی کرد، هێدی هێدی بەهۆی کەمی شوێنەوە ژنان تەنگیان پێ هەڵچنرا و پێملی ئەوە بوون کە عیمارەتی ناوەکیی دووبارە پان و بەرین بکەنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 1299ی کۆچی ـ مانگیی و بە راوێژکاریی بیناسازێک بەنێوی ئاغا ئیبراهیم خانی ئەمین سوڵتان، هەموو ئەو بینایانەی کە لەرێگەی حاجیب و دەولەوە درووست کرا بوو، رووخێنرا و پانتای عیمارەتی ناوەکییان بەرفراوان و بەربڵاو کرد. پاش ئەوەی کە بیناگەلی ئیمارەتی ناوەکی دەوراندەوری باخچە و حەوشەکەی داگرت و پانتاکەی لەوێ دەگەیشتە کۆتایی لە ساڵی 1303ک.م ناسرەدین شا بڕیاری دا کە بۆ شوێنە خەوتنی خۆی، کۆشکێک بە شێوازی نوێ لە ناوەڕاستی باخچەکە درووست بکات. راوێژکاریی سازاندنی ئەم بینایەش خرایە ئەستۆی موحەمەد ئیبراهیم خانی ئەمین سوڵتان. درووستکردنی بینای ئەم کۆشکە یەک ساڵی رەبەقی خایاند و لە رۆژی یەکشەممە 9 رەجەبی1304 ک،م لە رێوڕەسمێک دا کرایەوە. ئەم کۆشکە بە پێچەوانەی عیمارەتەکانی تر، بینایەک بوو کە بەتەواوەتی بەشێوازی ئەورووپایی درووسستکرابوو و ئایدیاکەشی لە کۆشکی “دۆڵمە باخچە”ی پاشای عوسمانی وەرگیرابوو و هەر بەو شێوەیەش زەخرەفە کرابوو و نیگارکێشییان بۆ کردبوو. هەموو بیناکانی عیمارەتی ناوەکیی لە سەردەمی پاشایەتی پاڵەوی دا رووخێندرا و تایبەت درا بە بیناکانی وەزارەتی دارایی.
بیناگەلی کۆشک
بیناگەلی کۆشک بریتین لە ئەیوانی تەختی مەڕمەڕ، خەڵوەتی کەریم خانیی، ژووری مۆزەخانە، (تەلاری سەلام و حەوزخانەکەی)، تەلاری ئاوێنە، تەلاری عاج یان سفرەخانە، تەلاری برلیان یان تەشریفات، بینای کتێبخانە، عیمارەتی شەمس و لعیمارە، عیمارەتی بادگیر و حەوزخانە بەرفراوانەکەی، تەلاری ئەڵماس، کۆشکی سپی، چادرخانە.
بیناگەلێک کە پێشتر لە کۆشکی گوڵستان دا هەبوون
بیناگەلی پێشتری کۆشکی گوڵستان بریتیین لە عیمارەتی ناوەکیی، خەوگەی ناسری، تەلاری خاقانی مەغفوور، عیمارەتی دەروە، عیمارەتی سنووق خانە، پۆشاک خانەی سەڵتەنەتی.
تەلاری ئاوێنە
تەلاری ئاوێنە لە رۆژئاوای تەلاری سەلام و لە سەردەرگا و ئەیوانی بەردینی بەردەم داڵانی کۆشکەکە هەڵکەوتووە و یەکێکە لە تەلارە ناودارەکانی کۆشکی گۆڵستان. دەسپێکی سازاندنی تەلاری ئاوێنە هاوکات بوو لە گەڵ سازینی تەلاری سەلام کە لە ساڵی 1291ک.م ئاسانکاریی بۆ کرا و وا دەردەکەوێت لە ساڵی 1294ک.م کۆتایی پێ هاتووە. لە سەرەتای دەسپێکی گواستنەوەی شتومەک و ئامێرەکانی مۆزەخانە کۆن و نوێکە دا، ئەم تەلارە تایبەت درا بوو بە تەختی تاووس و تاجی کیانی. ناوبانگی سەرەکی تەلاری ئاوێنە سەرەڕای ئەو زەخرەفە و نیگارانەی کە بۆی کێشراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نیگارە ناودارەی کە کۆچکردوو میرزا موحەمد خانی کەماڵ ئەلمولکی خەفاری لە ساڵی1309ی ک.م لەم تەلارە کێشاویەتی و ئێستاش لە کۆشکی گوڵستان دا هەڵگیراوە.
تەلاری سەلام
دوای یەکەم سەفەری ناسرەدین شا بۆ ئەورووپا لە ساڵی 1290ی ک.م و دیتنی مۆزەخانە و گەلەرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، بڕیاری دا کە مۆزەیەک بەشێوازی مۆزەخانە ئەورووپییەکان لە ئەرگ دا درووست بکات. بۆ ئەم مەبەستەش عیمارەتی دەرەکی رووخاند و لە باتی دا لە گۆشەی باکووری خۆرئاوا و لە تەنیشت تەلاری عاج، بیناکانی کۆشکی گوڵستانی تازە، واتە داڵان و تەلاری ئاوێنەی گوڵستان و ژووری مۆزەخانە درووست کرا.
درووستکردنی ژووری مۆزەخانەکە لە ساڵی 1291ک.م دەست پێ کرا و لە ساڵی 1294 کۆتایی پێ هات. بەڵام بە هۆی زەخرەفە و نیگاریی زۆر و زەبەند و چنینی ئامێرەکان کە بە چاوەدێری راستەوخۆی شا ئەنجام دەدرا، کردنەوەی تا ساڵی1299 درێژەی خایاند.
ئەم تەلارە لە هەمان سەرەتای درووست بوون و سازاندنییەوە بە مەبەستی کردنەوەی مۆزەخانەیەک بوو. بەڵام پاش گواستنەوەی تەختی تاووس لە مۆزەخانە کۆنەکان و هەروەها لە تەلاری ئاوێنە و پاشتر بەڕێوەچوونی سڵاو و تەوقە تایبەتی و فەرمییەکان تێیدا بەرەبەرە ناوی تەلاری سەلامی وەرگرتە خۆی.
لەم تەلارە دا گرانبەهاترین ئامێر و بەرهەمە هونەرییە پێشکەشکراوەکان بەتایبەتی زێڕ و جەواهیرە سەڵتەنەتییەکان بەدی دەکرێت و لەوێدا هەڵگیراوە. لە ساڵی 1345دا بە بۆنەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی تاجدانانی حەمەڕەزا شای پاڵەوی لەم تەلارە دا، مۆزەچنییەکەی بە شێوەیەکی گشتی گۆڕانی بەسەر دا هات و سیما و قەوارەی ئەمڕۆی وەرگرتە خۆی.
لە نهۆمی ژێرەوەی تەلاری سەلام دا حەوزخانەیەک هەڵکەوتووە. ئێستا ئەم حەوزخانە پان و بەرینە دابەش کراوەتە دوو بەشەوە: بەشی خۆرهەڵات، لە ژێر ناوی تەلاری تایبەت بە نواندنی هونەرە ناسکەکانی ئێران لە سەردەمی قەجەر دا، و بەشی خۆرئاواییەکەی کە لە ژێر ناوی نیگارخانە پێناسە کراوە، تایبەت دراوە بە پێشکەشکاریی و خستنەڕووی بەرهەمی نیگارکێشە ئێرانییەکان لە دەورەی قەجەر دا.