نوام چۆمسکی زمانزان و ڕەخنەگری سیاسی و فەیلەسوفی ئەمریکی لە دوایین چاوپێکەوتنیدا باسی لە دۆخی ئەو ناوچانە دەکات کە شەڕی دژ بە داعشی تیادایە و ڕایدەگەیەنێت، تروسکاییەکی هیوا لە ناوچە کورییەکاندا ماوە.
بهپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چۆمسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری جاکۆبین، کە ئەمڕۆ 23 /11/ 2015 بڵاوکراوەتەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر پاریس و ستراتیژی ڕۆژئاوا بۆ بۆردومانکردنى داعش وتویەتی ”ستراتیژی ئێستا سوودى نابێت، چونکە لە دواى هێرشەکانى داعش بۆ سەر پاریس و فڕۆکە ڕووسییەکە زۆر بە ئاشکرا ئەوە دەرکەوت ئەو گروپە دەڵێت، ئەگەر بۆردومانمان بکەن ڕووبەڕووی هەمان ئازارتان دەکەینەوە”
چۆمسکى ئەوەشى وتووە “باشترین دەرەنجام ئەوە دەبوو، کە داعش لەلایەن هێزەکانی ناوچەکەوە تێکشکێنرایە و ئەوەش شتێکی ئەستەم نییە، بەڵام ئەوە پێویستی بە ڕازیبوونی تورکیا دەبێت. هەروەها دەرەنجامەکە خراپ دەبێت ئەگەر ئەو گروپە جیهادییانە کە لەلایەن تورکیا و قەتەر و سعودییەوە پاڵپشتی دەکرێن سەرکەوتووبن”.
چۆمسکی لە درێژەى قسەکانیدا ڕایگەیاندووە ”پێتان خۆشبێت یان نا، داعش لە ناوچە سونییەکانی عێراق و سووریا جێگیربووە، ئەوان بەشێوەیەکی بێبەزەییانە، بەڵام تاڕادەیەک سەرکەوتوانە سەرقاڵی دامەزراندنی دەوڵەتن بە جۆرێک کە پاڵپشتیی هەندێک لە کۆمەڵگا سونییەکانیان بەدەستهێناوە. ئەو کۆمەڵگایانەش سەرەڕای بێزارییان لە کردەوەکانی داعش، ئەو گروپە بە تاکە جێگرەوەی دەزانن بەرامبەر هەڵبژاردە خراپترەکانی دیکە”.
نوام چۆمسکى باسى ئەوەشیکردووە ”ناکۆکیی تائیفەگەری دەرەنجامێکی داگیرکردنی عێراقە، ئەوەش ڕێک ئەوەیە کە گراهام فوڵەر شیکەرەوەی پێشووی CIA مەبەستی بوو کاتێک ناوبراو وتی (پێموایە ئەمریکا یەکێکە لە دروستکەرە سەرەکییەکانی ئەم گروپە)”.
چۆمسکی ناوچە کوردییەکان بە تروسکایى ئومێد لێکدەداتەوە بۆ تێکشکاندنى داعش و لەو بارەیەوە وتوویەتی ”لە ناوچەکەدا ئومێد بە داهاتوو نەماوە، هەرچەندە هەندێک ناوچە هەیە، کە تروسکاییەکی هیوایان تیادایە وەکو ناوچە کوردییەکان و دەتوانرێت هەنگاوگەلێک تیایاندا بنرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی هەرێمەکە، بەڵام ڕوون نییە زلهێزەکانی دەرەوە چی دەکەن بۆ گەرمکردنی ئاگرەکانی ناوچەکە، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە دەیکەن”.
چۆمسکى لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سووریا و دروستکردنى ناوچەی دژە فڕین و ئارام لە باکوورى سووریا (ڕۆژئاواى کوردستان) ئەوەى وتووە ”دروستکردنى ناوچەى ئارام بۆ دەستێوەردانی دژ بە ئەسەد لە پێناو کۆتایهاتن بە دۆخی قورسی ناوچەکە پاساوێکە، چونکە ئایا بە دروستکردنى ناوچەى ئارام کێشەکان کۆتاییان پێدێت؟ لە ڕاستیدا دەستێوەردانی سەربازی لە ناوچەکەدا شتێکی ترسناکە و ترسناکیەکەشى ڕاستییەکە، کە زەحمەتە پشتگوێ بخرێت.
دروستکردنى ناوچەی دژە فڕین و کردنەوەى ڕێڕەوی هاوکاریی مرۆیی و هاوکاریکردنى کوردەکان و هەندێ لایەنی باشەى تێدایە. سەربارى ئەوەى دەستێوەرانی سەربازی کارێکی ئاسانە، بەڵام کێشەکە لە دانانی پلانێکی تۆکمە و ڕێگریکردنە لە دەرەنجامە نەخوازراوەکانى ئەو دەستێوەردانە”.
ئاڤرام نوام چۆمسکى لە 7/ 12/ 1928 لە فیلادلفیاى ویلایەتى پینسیلڤانیاى ئەمریکا لە دایکبوو. ساڵى ١٩٥٥ بڕوانامەى دکتۆراکەى لە زانکۆى پێنسیلڤانیا لەسەر (transformational grammar) وەرگرتووە. ساڵى ١٩٤٩ لە زانکۆى هارڤارد هاوسەرگیرى لەگەڵ خاتو کارۆڵ چۆمسکى کرد، خاتوو کارۆڵ یەکێک لە مۆستاکانى زانکۆى هارڤاردە و لەو هاوسەرگیرییە دوو منداڵایان هەیە. چۆمسکى کەسێکى زمانناس، فەیلەسوف، مێژوونووسە و بە باوکى زمانناسیى مۆدێڕن دەناسرێت. چەند توێژینەوەیەکى لە بوارى دەروونناسیى زمان و چۆنیەتیى فێربوونى زمانەوە ئەنجامداوە. هەروەها ناوبانگیشى بە سۆسیالیستێکى ئازادیخواز دەرکردووە. لە ئێستادا مامۆستاى خانەنشینى فەلسەفەیە و زمانناسى پەیمانگەى تەکنەلۆژیاى ماساچۆسێتى ئەمریکایە.
بەشێک لە کێتبەکانى بریتین لە ١ – ئەمەریکای گەورە و مافەکانی مرۆڤ ٢ – دیموکراسیى پێشگیریکار ٣ – چەوساندنەوەى نیولیبڕالیزم و سیستمى جیهانى ٤ – سیستمە نوێ و کۆنەکانى جیهان ٥ – یانزەى سپتەمبەر ٦ – کونترۆڵی میدیا و ڕاگەیاندنەکان، کەریم قادرپوور کردویەتی بە کوردی، ٢٠٠٨ سلێمانی، یانەی قەڵەم ٧ – هەوڵى ئەمریکا بۆ دەسەڵات بەسەر جیهاندا ٨ – دەوڵەتە ژێردەستەکان ٩ – ویلایەتە شکستخواردووەکان ١٠ – خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات و هێرشکردنە سەر دیموکراسى ١١ – دەسەڵات یان مانەوە – پرۆژەى زاڵبوونى ئەمریکا ١٢ – زمانناسیى دیکارتى ١٣ – زانست و زمان، سەرچاوە و بەکارهێنان ١٤ – زمان و ئەندێشە ١٥ – ئاشتى، پڕوپاگەندە و نیشتمانى بەڵێندراو ١٦ – دەریاچەى ئاگر