لەکاردانەوەی ھەڕەشەکانی روسیا لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی ئەو وڵاتە لەلایەن تورکیاوە، ئەردۆغان کۆبوونەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سوپاسالاری وڵاتەکەی ئەنجام دەدات.
بهپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم، ھێزەکانی تورکیا بەبیانووی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان، فڕۆکەیەکی سوپای روسیایان خستەخوارەوە، ئەم کارەش نیگەرانی مۆسکۆی لێکەوتەوەو سەرۆکی ئەو وڵاتەش ھۆشداری دایە ئەنکەرە و رایگەیاند: خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەمان بەبێ وەڵام نابێت.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەپەلە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سوپاسالاری وڵاتەکەی کۆبووەتەوەو ئەگەرەکانی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی روسیایان تاوتوێکردووە.
ھەرچەندە دوای رووداوەکە، وتەبێژی کرملین رایگەیاند بەر لە لێکۆڵینەوەی ورد، ھیچ کاردانەوەیەک نانوێنن، بەڵام فلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری روسیا ھۆشداریدایە تورکیا و رایگەیاند: رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکە، بەبێ وەڵام نابێت.
راستەوخۆ دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە روسییەکە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد ئەو فڕۆکەیە بواری ئاسمانیی تورکیای بەزاندبوو، ئاشکراشیکردبوو، دوای چەند جار ئاگادارکردنەوەی فڕۆکەوانەکە بە جێھێشتنی ئاسمانی تورکیا و وەڵامنەدانەوەی، سەرەنجام موشەکێکی ئاراستەکراو خرایە خوارەوە.
وتەبێژی سەرۆک کۆماری رۆسیاش ناوەڕۆکی راگەیاندراوەکەی تورکیای رەتکردەوەو رایگەیاند: فڕۆکەکەی روسیا، کە لەجۆری (سۆخۆ ٢٤)بووە، لە ئاسمانی سوریا پێکراوە.