جام کوردی:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێت: واشنتن سه‌ره‌ڕای پاڵپشتی له هاوپه‌یمانانی عه‌ره‌بی خۆی له ناوچه‌که، پێویسته له گه‌ڵ تاران بیر له وتووێژ و هاوکاری بکاته‌وه.
هێنری کسینجر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتر و له به‌ناوبانگترین دیپلۆماتکارانی مێژووی ئه‌مریکا ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاند که پێویسته واشنتن سه‌ره‌ڕای پاڵپشتی له هاوپه‌یمانانی عه‌ره‌بی له ناوچه‌که، له گه‌ڵ ئێران قۆناغی هاوکاری و وتووێژ هه‌ڵبژێرێت.
ناوبراو که له دانیشتنی ” ئێران و ڕێگای پێشکه‌وتن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست “ به میواندارێتی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی و ستراتژیکی ئه‌مریکا به‌شداری کردبوو، وتی: ئێمه پێویسته به‌رده‌وام بین له پاڵپشتی هاوپه‌یمانه‌کانمان له ناوچه‌که و له هه‌مان کاتیش‌دا پێویسته ئاماده‌ی وتووێژ بین له گه‌ڵ ئێران.
کسینجر له درێژه‌دا به ئاماژه به‌وه‌ی که ئه‌مریکا له ئێستادا ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێک سیاسه‌تی ناته‌بایی له ناوچه‌که بووه‌ته‌وه، وتی: وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئێران وه‌ک مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر خۆیان ده‌بینن.
دیپلۆماتکاری باڵای پێشووتری ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به بارودۆخی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وتی: ئێران به‌هێزترین ده‌فرایه‌تی ئابوری و سه‌ربازیی له ناوچه‌که‌دا هه‌یه که به هاوکاری له گه‌ڵ وڵاتانی دیکه و لایه‌نه ناحکومییه‌کان تێکه‌ڵ بووه.
ناوبراو سه‌باره‌ت به ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی 1+5 وتی: ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێکه‌وتنه وه‌ک کۆتایی هه‌وڵه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بڵاوه‌پێکردنی چه‌کی ناوه‌کی ئه‌مریکا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م وڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بیانه‌وێت یان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بده‌ن که به‌و ئاسته له تواناکانی ئێران بگه‌ن که له ڕێگای ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌وه ده‌سته‌به‌ری کردووه، ئه‌و کاته‌یه که شکستی ته‌واوی سیاسه‌ته‌کانی ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌کی ناوه‌کی ده‌بینین.
هێنری کسینجر به‌رامبه‌ر به کاندیده‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا که به‌رده‌وام له لێدوانه‌کانیان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که له یه‌که‌م ڕۆژی ده‌ست به کار بوونیان، ڕێکه‌وتنه‌که‌ی له گه‌ڵ ئێران هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه، یان هه‌نگاوی دیکه ده‌گرنه به‌ر، وتی: ئامۆژگاری من بۆ ئه‌و کاندیدانه ئه‌وه‌یه که ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به کار نه‌هێنن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ساڵانی پێشووتری ئه‌مریکا وتی: ژماره‌یه‌کی زۆر له چینی گه‌نج له ئێران په‌یوه‌ندییان له گه‌ڵ سیسته‌می جیهانی لیبراڵ هه‌یه. ڕوونیشیکرده‌وه: نابێت وا بزانین که ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامانجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایه.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا:
ناوبراو سه‌باره‌ت به کارکۆی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا وتی: به هاتنه سه‌رکاری هه‌ر کابینه‌یه‌ک، ده‌بینین که سیاسه‌تی ده‌ره‌وه جارێکی دیکه پێداچوونه‌وه‌ی به سه‌ردا ده‌کرێت، له کاتێکدا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوو، پێویستی به به‌رده‌وامی هه‌یه.
کسینجر وتی: قه‌یرانه‌کانی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وێک‌چوونی زۆری له گه‌ڵ شه‌ڕه‌کانی 30 ساڵه‌ی ئه‌ورووپا (شه‌ری نێوان لایه‌نگرانی ئاینزای کاتۆلیک و پرۆتستان له ساڵانی 1618 تا 1648) هه‌یه و ڕاشیگه‌یاند: هیوادارم ئێمه به‌ده‌ر له‌وه‌ی که کێ ده‌بێته براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ساڵی 2016، سیاسه‌تێکی درێژخایه‌نی ده‌ره‌وه بکه‌ینه بنه‌مای کار و چالاکییه‌کانمان له جیهاندا.
کسینجر هه‌روه‌ها وتی: به هۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که له ساڵی 1973 به‌دواوه ئه‌مریکا په‌یره‌وی کرد، بۆ ماوه‌ی سێ ده‌یه هێزی باڵاده‌ستی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو.
سه‌رده‌مه‌که گۆڕاوه:
هێنری کسینجر وتی: ئێمه زۆر جه‌ختمان له سه‌ر جیهانێک کردووه‌ته‌وه که 150 ساڵی ڕابردوو له لایه‌ن چه‌ند وڵاتێکی ئه‌ورووپییه‌وه به‌دیهاتووه.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که پێویسته واشنتن خوێندنه‌وه‌ی نوێ و جیدیی بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌بێت، وتی: یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی نێوان دیمۆکراسی سه‌ده‌ی 21 و 19 ئه‌وه‌یه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو پرسه‌کان ساکار و به‌م ئاسته جیهانی نه‌بوون، به‌ڵام له ئێستادا داڕشتنی نه‌خشه‌یه‌کی گشتگیر بووه‌ته کارێکی ئه‌سته‌م له به‌رده‌م سیاسه‌توانان.
ناوبراو له درێژه‌ی وته‌کانیدا ڕایگه‌یاند: یه‌کێک له پرسه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه، چۆنیه‌تی دیمۆکراسی نوێ و ته‌کنۆلۆژیا ئه‌لکترۆنییه‌کانه، ئێمه به‌و هه‌واڵانه‌ی که له سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن ده‌یبینین به پێی هه‌ست و ئیحساس، نه‌ک به پێی خوێندنه‌وه‌مان کاردانه‌وه‌مان ده‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مریکا وتی: ئه‌م سه‌رده‌مه له‌وه‌دا جیاوازه که به‌رده‌وامی ئاڵۆزی له یه‌ک ناوچه‌دا، ڕه‌نگه ببێته هۆکاری کاره‌ساتێک بۆ هه‌موومان.
ده‌توانین له گه‌ڵ ڕووسیا بگه‌ینه لێک تێگه‌یشتن:
ناوبراو ئاماژه‌ی به بارودۆخی ڕووسیاش دا و وتی: به هۆی قه‌یرانه ئابورییه‌کان و بابه‌ته‌کانی دیکه‌وه، مۆسکۆ ئه‌و توانایه‌ی نییه که ببێته فاکته‌رێکی به‌هێز له ناوچه‌که‌دا.
هینری کسینجر وتی: یه‌کێک له نیگه‌رانییه ستراتژیکه‌کانی ڕووسیا، کاریگه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته‌یه.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که هه‌ر ئه‌م نیگه‌رانییه بووه‌ته هۆکاری ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ڕووسیا له سوریا، ڕایگه‌یاند: به ڕای من ده‌توانین له گه‌ڵ مۆسکۆ سه‌باره‌ت به تێڕوانینێکی هاوبه‌ش له پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بگه‌ینه لێک تێگه‌یشتن.
وتیشی: ئه‌گه‌ر بڕیار بێت سه‌باره‌ت به داهاتووی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له گه‌ڵ ڕووسیا دانوستان و وتووێژ بکه‌ین، پێویسته دۆسیه‌ی ئۆکرانیاش له خۆ بگرێت.
تیرۆر سنورێکی نییه:
ناوبراو له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و دانیشتنه‌دا بابه‌تی تیرۆری لێکدایه‌وه و به ئاماژه به هێرشه تیرۆریستییه‌کانی پاریس وتی: پێشتریش له شاره‌کانی دیکه، هاوشێوه‌ی ئه‌م هێرشانه‌مان هه‌بووه، به‌ڵام ڕێژه‌ی بێ ڕۆحمی له‌م هێرشانه‌دا نیگه‌رانمان ده‌کات، ئه‌مه کێشه‌یه‌که بۆ ئه‌ورووپا، پایته‌ختی فه‌رانسه ساڵه‌هایه که هێمای گۆڕانکاری و ته‌واوکاری سیاسی ئه‌ورووپایه.
کسینجر هه‌روه‌ها وتی: ئه‌و بڕوایه‌ی که ته‌نیا به هێزی نه‌رم ده‌توانرێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ببێت و ئه‌ورووپا پێویسته وه‌ک کاراکته‌رێکی چالاک به‌شداری هه‌بێت، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
دیپلۆماتکاره به‌ناوبانگه‌که‌ی ئه‌مریکا وتی: ئه‌وه‌ی که پێویسته له ئێستادا بکرێت، ئه‌وه‌یه که له جێی درووشم، بیر له کرده‌وه‌ی گونجاو بکه‌ینه‌وه و له سه‌ر ئه‌وه‌ی که بڕیاره بکرێت بگه‌ینه ڕێکه‌وتن.
کسینجر وتی: پێکدادان و توندووتیژییه تائیفییه‌کان به پێی سنوره نیشتمانییه‌کان پێناسه ناکرێن، به‌م هۆیه‌شه‌وه کاتێک که ده‌ست پێ ده‌که‌ن، وڵاتانی دراوسێش ده‌گرنه به‌ر.
ناوبراو ئاماژه‌ی به داعش دا و وتی: ئه‌م گرووپه تیرۆریستییه سنوره نیشتمانییه‌کان تێپه‌ڕ ده‌کات و له ئاستی جیهانیدا چالاکی ده‌کات تا کێشه بۆ سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی بخوڵقێنێت.