جام کوردی:
زه‌ردۆیی، گوندێک سه‌ر به ناحیه‌ی باینگان له قه‌زای پاوه، مێژووه‌که‌ی بۆ سه‌رده‌می ئائینی زه‌رته‌شت له ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وشه‌ی زه‌ردۆیی به مانای مه‌ڵبه‌ندی زه‌رته‌شتییه‌کان هاتووه، به‌و هۆیه‌ی که پێش هاتنی ئیسلام بۆ ئێران، دانیشتووانی ئه‌م گونده لایه‌نگری ئائینی زه‌رته‌شت بوون و ئه‌م ناوه‌ش له سه‌ر ئه‌وان نراوه.
به هاتنی ئیسلام بۆ ئێران، سه‌رجه‌م دانیشتووانی گوندی زه‌ردۆیی ده‌بنه موسڵمان، به‌ڵام وه‌ک ڕابردوو، هه‌ندێک ڕێ و ڕه‌سمی کۆنی خۆیان به جێ دێنن.
ڕێ و ڕه‌سمه‌کانی تایبه‌ت به جێژنی نه‌ورۆز له‌و ڕێ و ڕه‌سمانه‌ن که له ئێستاشدا هه‌ر له زه‌ردۆیی وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه و تێپه‌ڕبوونی ساڵه‌کان کاریگه‌ری له سه‌ر کاڵبوونه‌وه‌ی نه‌بووه.
هه‌بوونی هه‌ندێک له خانووه مێژووییه‌کان له زه‌ردۆیی و ژیانی خه‌ڵك له‌و خانووانه‌دا، سه‌لمێنه‌ری مێژوویی بوونی ئه‌م گونده‌ن.
دانیشتووانی زه‌ردۆیی زۆربه‌یان سه‌رقاڵی ئیش و کاری باخه‌وانین، ئه‌وان له هه‌ل و مه‌رجێکی جوغرافیایی دژوار‌دا و له دڵی کێو و شاخه‌کاندا دیمه‌نی جوانیان نه‌خشاندووه.
گۆڕستانه کۆنه‌که‌ی ئه‌م گونده له به‌شی باکوری هه‌ڵکه‌وتووه که به وته‌ی دانیشتووانه‌که‌ی، باب و باپیرانی ئه‌وان له سه‌رده‌می پێش ئیسلام له‌وێدا نێژراون.
هه‌بوونی گۆڕه داخمه‌کانی سه‌رده‌می پێش ئیسلام و گڵکۆی ئاما مدران که به پێی هه‌ندێک گێڕانه‌وه، برای پیر میکائیل یان یه‌کێک له گه‌وره پیاوانی ئائینی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه، شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ن که مێژووی گۆڕستانه‌که‌ی زه‌ردۆیی بۆ سه‌رده‌مانی پێشوو ده‌گه‌ڕێته‌وه.
قورئانی ده‌ستنووسی زه‌ردۆیی که له مزگه‌وتی گشتی ئه‌و گونده‌دایه، مێژووه‌که‌ی بۆ سه‌رده‌می ته‌یمورییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به هۆی له ناوچوونی هه‌ندێک له لاپه‌ڕه‌کانی، زانیاری ته‌واو سه‌باره‌ت به‌و قورئانه له به‌رده‌ستدا نییه.
کۆچکردنی زه‌ردۆییه‌کان هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له سه‌ر ئه‌و گونده:
گوندی زه‌ردۆیی که ڕێژه‌ی دانیشتووانه‌که‌ی ته‌نیا هه‌زار که‌سه وه‌ک گونده‌کانی دیکه به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی کۆچکردنی له سه‌ر بووه و هه‌موو ساڵێک ژماره‌یه‌ک له دانیشتووانه‌که‌ی به‌ره‌و شاره‌کان کۆچ ده‌که‌ن. به وته‌ی دانیشتووانی ئه‌و گونده له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوو 90 بنه‌ماڵه‌ی زه‌ردۆیی چوونه‌ته شاری کرماشان و له‌و شاره‌دا درێژه به ژیانی خۆیان ده‌ده‌ن.
که‌مبوونی داهات و زۆربوونی تێچووی گواستنه‌وه و هاتووچۆ له‌و کێشه و گرفتانه‌ن که دانیشتووانه‌که‌ی زه‌ردۆیی به‌ره‌و کۆچکردن هان ده‌دات.
کارزان عه‌زیزی ته‌مه‌ن 24 ساڵه ده‌ڵێت: مامناوه‌ندی داهاتی مانگانه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌کی زه‌ردۆیی 400 تا 500 هه‌زار تمه‌نه، به‌ڵام به هۆی دووربوونی له ئیمکانیات و پێداویستییه‌کان، تێچووی مانگانه‌ی بنه‌ماڵه‌کان زۆرتر له‌م ڕێژه‌یه ده‌بێت.
حاته‌م مورادی ته‌مه‌ن 69 ساڵه و دانیشتووی زه‌ردۆیی ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی که پیشه‌ی باخه‌وانییان هه‌ڵبژاردووه ساڵانه 7 تا 8 ملیۆن تمه‌ن به‌رهه‌می هه‌نار و هه‌نجیر ده‌فرۆشن، به‌ڵام که‌سانی وه‌ک من که کرێکاری ده‌که‌م داهاتی که‌مترم هه‌یه، ناوبراو چوار کوڕی هه‌یه که له شاری کرماشان نیشته‌جێن و له بازاڕدا ئیش و کاریان هه‌یه.
داهێنانی ده‌رفه‌تی کار له زه‌ردۆیی:
فه‌ریبۆرز عه‌زیزی ته‌مه‌ن 27 ساڵه یه‌کێکی دیکه له دانیشتووانه‌که‌ی زه‌ردۆییه که به دامه‌زراندنی کۆمپانیایه‌کی وه‌به‌رهێنانی به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌کان و پیشه‌سازی ده‌ستی بۆ ژماره‌یه‌ک له دانیشتووانی ئه‌و گونده هه‌لی کاری دابین کردووه.
ناوبراو ده‌ڵێت که به هاوکاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی که‌له‌پوری فه‌رهه‌نگی، پیشه‌سازی ده‌ستی و گه‌شتیاری پارێزگای کرماشان له داهاتوویه‌کی نزیکدا گوندی زه‌ردۆیی وه‌ک ته‌نیا گوندی ئێران ده‌ستنیشان ده‌کرێت که بێ‌کاری نییه.
عه‌زیزی له درێژه‌دا وتی: به هۆی مێژوو و جوانییه‌کانی ئه‌م گونده، وه‌ک ئامانجێکی گه‌شتیاری ناسراوه و پێویسته له‌م ده‌رفه‌ته له پێناو داهێنانی هه‌لی کار و به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی دانیشتووانه‌که‌ی که‌ڵک وه‌ربگرین.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی که‌له‌پوری فه‌رهه‌نگی، پیشه‌سازی ده‌ستی و گه‌شتیاری پارێزگای کرماشان له وتووێژی له گه‌ڵ هه‌واڵده‌ری ئێرنا، ته‌نیا ڕێگای بووژانه‌وه‌ی ئابوری گونده‌کانی ناوچه‌ی ئه‌ورامانات به گه‌شه‌پێدانی گه‌شتیاری ناو ده‌بات.
عه‌لی فه‌عله‌گه‌ری ده‌ڵێت: ته‌نیا گوندی بێ بێ‌کاری وڵات به که‌ڵک وه‌رگرتن له به‌ستێنی له‌باری گه‌شتیاری و پیشه‌سازی ده‌ستی، کێشه‌ی بێکاریی تێپه‌ڕاندووه.
ناوبراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، هاوکاری خه‌ڵک و به‌شداریکردنی حکومه‌ت به کاریگه‌ر ده‌زانێت و ڕایگه‌یاندووه: بۆ ڕزگارکردنی ناوچه‌که، پێویسته ئاسه‌واره مێژووییه‌کانمان به جیهان بناسێنین.
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ری ئێرنا – کرماشان (سامان ڕه‌حمه‌تیان )
وه‌رگێڕان: جام کوردی