سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران حه‌فته‌ی داهاتوو له سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی ئیتالیا، ڤاتیکان و فه‌رانسه سه‌ردانی ئه‌ورووپا ده‌کات، هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی پێشکه‌ش کردنی وتارێک، ئاماده‌ی دانیشتنی به‌رپرسانی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی یۆنسکۆ ده‌بێت.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جێگری په‌یوه‌ندییه‌کان و ڕاگه‌یاندنی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆمار ڕۆژی دووشه‌ممه ڕایگه‌یاند: دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیتالیا شه‌ممه‌ی داهاتوو 23ی خه‌زه‌ڵوه‌ر سه‌ردانی ڕۆما ده‌کات.
په‌روێز ئیسماعیلی وتی: له‌و سه‌ردانه‌دا سه‌رۆک کۆماری ئێران پاش پێشوازی فه‌رمی له گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران و گه‌وره به‌رپرسانی دیکه‌ی ئیتالیا کۆده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها دیدار و چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له سه‌رمایه‌گوزاران و خاوه‌ن یه‌که پیشه‌ییه‌کانی ئه‌و وڵاته له به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بۆ ڕۆما پێش بینی کراوه.
ناوبراو ئاماده‌بوون له ڤاتیکان، چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ پاپ و هه‌روه‌ها سه‌رۆک وه‌زیرانی ڤاتیکانی به به‌شێکی دیکه‌ی قۆناغی یه‌که‌می سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بۆ ئه‌ورووپا ناو برد.
جێگری په‌یوه‌ندییه‌کان و ڕاگه‌یاندنی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێران له درێژه‌دا وتی: دوکتۆر ڕۆحانی ڕۆژی دووشه‌ممه 25ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و له سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێکخراوی یۆنسکۆ له باره‌گای ئه‌و ڕێکخراوه ئاماده و پاش ڕێ و ڕه‌سمی پێشوازی، وه‌ک میوانی تایبه‌ت و یه‌که‌م وتاربێژ له نێو سه‌رجه‌م سه‌رکرده‌ی وڵاتانی به‌شدار له کۆڕی گشتی ڕێکخراوی یۆنسکۆ که به هێزی فه‌رهه‌نگی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌ژمار ده‌کرێت، وتارێک پێشکه‌ش ده‌کات.
په‌روێز ئیسماعیلی وتی: سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له درێژه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ئه‌ورووپا ڕۆژی سێ شه‌ممه 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ر پاش پێشوازی فه‌رمی له لایه‌ن سه‌رۆک کۆماری فه‌رانسه‌وه، له گه‌ڵ فرانسوا ئۆلاند کۆده‌بێته‌وه و له گه‌ڵ کۆتایی هاتنی وتووێژی له گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته ده‌گه‌ڕێته‌وه تارانی پایته‌خت.
ناوبراو چاوپێکه‌وتنی دووقۆڵی و چه‌ند قۆڵی، کۆبوونه‌وه و وتووێژ له گه‌ڵ سه‌رنووسه‌رانی میدیا به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌ورووپی، ئیتالیایی و فه‌ره‌نسی، چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ بیرمه‌ندان و زانایان، دانیشتن له گه‌ڵ سه‌رمایه‌گوزاران و خاوه‌ن پیشه گه‌روه و ناسراوه‌کان به به‌شێکی دیکه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی ڕۆحانی بۆ ئه‌ورووپا له ماوه‌ی 4 ڕۆژی پێش بینی کراودا ناو برد.
به وته‌ی جێگری په‌یوه‌ندییه‌کان و ڕاگه‌یاندنی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، له‌و سه‌ردانه‌دا چه‌ندین وه‌زیری کابینه و به‌رپرسانی باڵا سه‌رۆک ڕۆحانی هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ندین یادداشتی لێک تێگه‌یشتن سه‌باره‌ت به هاوکارییه دوو قۆڵییه‌کان واژۆیان له سه‌ر ده‌کرێت.