وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێران به‌رده‌وام هه‌وڵی ئاشتی و سه‌قامگیری سوریای داوه و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی که پێیان وایه ئه‌م کێشه‌یه، چاره‌سه‌ری سه‌ربازیی هه‌یه، به‌رده‌وام ڕامانگه‌یاندووه که دۆسیه‌ی سوریا ته‌نیا به ڕێگای سیاسی چاره‌سه‌ر ده‌بێت و پێویسته به شێوازی جیدی به‌ره‌نگاری ئه‌و تیرۆریستانه بدرێته‌وه که سوریایان ئاڵۆز کردووه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف له په‌راوێژی کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌لژیکا له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی که ئایا لێدوانه‌کانی ئستیفان دیمیستوورا نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروباری سوریا سه‌باره‌ت به په‌ره‌پێدانی ئێران به قه‌یرانی سوریا ڕاسته یان نه؟ ڕایگه‌یاند: پێم وا نییه که ناوبراو ئه‌م لێدوانه‌ی به‌م چه‌شنه دژ به ئێران ڕاگه‌یاندبێت، په‌یوه‌ندییه‌کی باشمان له گه‌ڵ ناوبراو هه‌یه و به‌رده‌وام ئێران له پێناو ئاشتی و سه‌قامگیری له سوریا هه‌وڵی داوه و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی که ڕێگا چاره‌ی سه‌ربازی به گونجاو ده‌زانن، به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان ڕاگه‌یاندووه که ئه‌م دۆسیه‌یه به ته‌نیا به ڕێگاچاره‌ی سیاسی کۆتایی دێت و پێویسته به جیدی به‌ره‌نگاری ئه‌و تیرۆریستانه ببینه‌وه که سوریایان ئاڵۆز و ناسه‌قامگیر کردووه.
ناوبراو وتی: به‌داخه‌وه هه‌ڵوێستی هه‌ندێک له وڵاتان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که سوریا و خه‌ڵکه‌که‌ی ببنه قوربانی و ئێمه له‌و بڕوایه‌داین که پێویسته ته‌نیا گه‌لی سوریا له پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌که‌یان ڕۆڵیان هه‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری هه‌ندێک له وڵاتانی ناوچه‌که و جیهانی له گه‌ڵ تیرۆریستانی سوریا وه‌بیرهێنایه‌وه و ڕایگه‌یاند: نابێت بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که داهاتووی سوریا له لایه‌ن ئێمه یان وڵاتانی دیکه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت، به پێچه‌وانه‌وه ته‌نیا دانیشتووانی سوریا ده‌توانن سه‌باره‌ت به داهاتووی وڵاته‌که‌یان بڕیار بده‌ن.
زه‌ریف سه‌باره‌ت به کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ڤییه‌نا ڕوونیکرده‌وه: له‌و کۆبوونه‌وه‌دا دیاری کردنی سه‌رجه‌م گرووپه تیرۆریستییه‌کان ته‌وه‌رێکی سه‌ره‌کی ده‌بێت که له ڕوانگه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه سه‌رجه‌م ئه‌و گرووپانه ڕوون و ئاشکران.