به‌رپرسانی کۆمپانیای پیژۆی فه‌رانسه له هه‌ڵوێستی پێشووی خۆیان دژ به کۆمپانیاکانی که‌رتی ئۆتۆمبیل سازی ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ی درکاندنی گرێبه‌ستی نوێ له گه‌ڵ کۆمپانیای ئێران خۆدڕۆ پاشه‌کشه‌یان کرد.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی کۆمپانیای پیژۆی فه‌رانسه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که کۆمپانیای ئێران خۆدڕۆ ویستی واژۆکردنی گرێبه‌ستی له گه‌ڵ ئه‌و کۆمپانیایه‌دا نییه، ژان فیلیپ کۆمار جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌ی ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرووپی PSA به گۆڕینی هه‌ڵوێستی پێشووی خۆی به ڕۆژنامه‌ی فیگارۆی ڕاگه‌یاند که هیواداره کۆمپانیاکه‌یان سه‌ر له نوێ بۆ بازاڕه‌کانی ئێران بگه‌ڕێته‌وه.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه که کۆمپانیای پیژۆ بۆ واژۆکردنی ڕێکه‌وتننامه له گه‌ڵ کۆمپانیای ئێران خۆدڕۆ ئاماده‌یه.
کۆمار به ئاماژه به سه‌ردانه چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی بۆ فه‌رانسه ڕایگه‌یاند: ئه‌م سه‌ردانه ده‌توانێت خێرایی به کاروباری ئابوری نێوان دوو وڵات ببه‌خشێت.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌ی ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرووپی PSA به ئاماژه به جێهێشتنی له ناکاوی پیژۆ له ئێران وتی: ئێمه له‌وه‌دا ناچار بووین که یاسای بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها یاساکانی په‌یوه‌ندیدار به پیشه‌سازی ئه‌مریکا جێبه‌جێ بکه‌ین، له ڕاستیدا هۆکاری ئه‌مه‌ش، ڕێکه‌وتنێک بوو که له گه‌ڵ گرووپی جنراڵ مۆتۆرزی ئه‌مریکا واژۆ کرا و به ئاکام نه‌گه‌یشت.
پێشتر به‌رپرسانی کۆمپانیای پیژۆ ڕایانگه‌یاندبوو که داوایان کردووه که به زووترین کات ئه‌و دۆسیه‌یه یه‌کلایی بکرێته‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی که به بڕوای ئه‌وان هێشتا هیچ ڕێکه‌وتنێک نه‌کراوه.
هاشم یه‌که زار‌ع کارگێڕی گشتی کۆمپانیای ئێران خۆدڕۆ له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به لێدوانه‌کانی به‌رپرسانی کۆمپانیای پیژۆ ڕایگه‌یاند که هه‌ڵوێستی له‌م شێوه‌یه بابه‌تێکی ناوخۆییه بۆ ئه‌وان و هۆکاره‌که‌شی بۆ گوشاره‌کانی سه‌ر ئه‌و کۆمپانیایه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به وته‌ی ناوبراو له ئێستادا کۆمپانیای پیژۆی فه‌رانسه سه‌رجه‌م مه‌رجه‌کانی کۆمپانیای ئێران خۆدڕۆی بۆ واژۆکردنی گرێبه‌ستی نوێ قبووڵ کردووه.