بی بی هاڵ ئۆزبه‌کی، پیره‌ژنێکی ته‌مه‌ن 105 ساڵه‌ی ئه‌فغانییه که وه‌ک ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی شه‌ڕی ئه‌و وڵاته و به ئاواتی ئارامی و ئاشتی له‌م ڕۆژانه‌دا په‌نای بۆ سنوره‌کانی ئه‌ورووپا بردووه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوبراو ئێستا له گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌که‌ی له سنوری کرۆاتیا له ته‌نیشت هه‌زاران په‌نابه‌ر و ئاواره‌ی دیکه شه‌و و ڕۆژ به سه‌ر ده‌بات. بی بی هاڵ له شاری قوندوزه‌وه هاتووه، شارێک له باکوری ئه‌فغانستان که له‌م ڕۆژانه‌دا جارێکی دیکه له لایه‌ن هێزه‌کانی تاڵیبانه‌وه کۆنتڕۆڵ کراوه و شه‌ڕ له نێوان ئه‌م گرووپه و هێزه‌کانی سوپای ئه‌فغانستان له‌و ناوچه‌یه‌دا له ئارادایه. بی بی هه‌زاران کیلۆمه‌تری له سنوری تورکیا تا یۆنان و له‌وێشه‌وه تا سربیا بڕیوه و له ئێستادا گه‌یشتووه‌ته کرۆاتیا، ئه‌و ڕێگایه‌ی که له ساڵی ڕابردوو تا ئێستا 700 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ری دیکه تێیدا تێپه‌ڕ بوون.
بی بی و 17 ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌که‌ی ماوه‌ی 20 ڕۆژ له‌م ڕێگایه‌دا بوون تا گه‌یشتوونه‌ته کرۆاتیا. ئامانجی کۆتایی سه‌فه‌ره‌که‌یان وڵاتی سویده. کوڕێکی 67 ساڵه و نه‌وه‌ی 19 ساڵه‌ی ئه‌و پیره‌ژنه ته‌مه‌ن 105 ساڵه له‌م ڕێگا دوور و درێژه‌دا هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن. په‌یامنێری هه‌واڵده‌ری ئاسۆشێتدپرێس که سه‌ردانی ناوچه‌که‌ی کردووه له ڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه که پیره‌ژنه ئه‌فغانییه‌که به هۆی پیری و ته‌مه‌نی زۆره‌وه کێشه‌ی زۆری بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی درووست کردووه و ده‌ست و قاچه‌کانی له‌و ڕێگایه‌دا برینی ماندووبوونی زۆری پێوه ده‌بینرێت.
له ئێستادا ئه‌و پیره‌ژنه هاوڕێ له گه‌ڵ په‌نابه‌رانی دیکه له خێوه‌ته کاتییه‌کاندا له سنوری کرۆاتیا ژیان به سه‌ر ده‌بات. به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته هێزێکی زۆریان له سه‌ر سنوره‌که‌یان کۆکردووه‌ته‌وه و هه‌ندێک ڕێ و شوێنی تایبه‌تیان گرتووه‌ته‌به‌ر و ڕێگا به چوونی په‌نابه‌ران ناده‌ن. سه‌ره‌ڕای سه‌رجه‌م کۆسپ و به‌ربه‌سته‌کان، دژوارییه‌کانی ڕێگا و مه‌ترسی مردن، ئاواره‌کانی شه‌ڕ وه‌ک ئه‌و پیره‌ژنه ئه‌فغانییه ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نی 105 ساڵیش‌دا هیوایان به ژیان ده‌مێنێت و بۆ ڕزگاربوون له بۆردومان و تیرۆر و موشه‌ک، وڵاته‌که‌یان به جێ دێڵن.