بهپێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانهوه له کوردستانی نوێ، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاشكرای دەكات، قەیرانی داراییو شەڕی داعشو قەیرانەكانی دیكە، زیانی 50 بۆ 60 ملیار دۆلاریان بەكوردستان گەیاندووەو ئێستاش بازاڕی كوردستان مت بووە.
لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی گەلی كوردستان، یاسین مەحمود تیشكی خستە سەر زیانەكانی قەیرانی داراییو شەڕی داعشو كێشە سیاسییەكانی كوردستانو وتی: «لەساڵانی 2014و 2015دا، ئەو بارودۆخە زیانی 50 بۆ 60 ملیار دۆلاری بەكوردستان گەیاندوە. بەشێوەیەك لەبواری وەبەرهێناندا 20 ملیار دۆلار زیان بەكوردستان كەوتووەو هاوكات 700 كۆمپانیاو بەڵێندەریش مایەپووچ بوون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەخاڵە سنوورییەكانەوە بەڕێژەی (50% – 60%) دابەزیووەو هاتنی گەشتیارانیش بۆ كوردستان (80%) كەمی كردووە.
وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان تەئكیدیشیكردەوە، تەنیا لەكەرتی تایبەتدا 300 هەزار كەس رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، ئەمەش وایكردووە كە رێژەی بێكاری كە لەساڵی 2013دا (7%)ی تێپەڕ نەدەكرد، ئێستا گەیشتۆتە (20%)، هەروەها ئێستا بازاڕی كوردستان هیچ جوڵەیەكی تێدا نەماوەو مردووە، ئەمەش وایكردوە كە 700 هەزار كەس لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بێ كار بن.