یەكەی ئابووریو بازاڕ
پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر عیراق كەسایەتی سیاسی رابەرایەتی بكات، گومانم لەوەدا نییە كە پەرلەمانیش وەك ئەنجومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پشكی (17%)ی كوردستان دەدات.
قادر مەلا محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراقو ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان بەماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە، راستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پشكی (17%)ی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2016ی عیراق جێگیر كراوە، بەڵام هێشتا پەرلەمان لەو بارەیەوە كۆنەبۆتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەڵێ: «ئەگەر عیراق كەسایەتی سیاسی رابەرایەتی بكات، گومان لەوەدا نییە كە پەرلەمانیش وەك ئەنجومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پشكی (17%)ی كوردستان دەدات، چونكە ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراقدا ببڕدرێت، كەواتە حكومەتی بەغدا رێگەی داوە كە كوردستان سەربەخۆیی ئابووری خۆی هەبێت».
قادر مەلا محەمەد راشیگەیاند، ئەگەر پەرلەمانی عیراق رازی نەبێت بەناردنی پشكی (17%)ی كوردستان لەبوجەی ساڵی 2016ی عیراق، كەواتە جیاكردنەوەی ئابووری كوردستانە لەعیراقو بێگومان لەڕووی سیاسییەوە ئەو بڕیارە بۆ حكومەتی عیراقی زۆر قورسەو بۆ حكومەتی هەرێمیش دەستكەوتێكی باشە.