خەمۆکى تەواو جیاوازە لەو حاڵەتى خەمبارییەى کە زۆربەى کات خەڵکى پێوەى گرفتارن. هەستکردن بە خەمبارى بە شێوەیەکى کاتى ، بەشێکە لە ژیانى ئاسایى مرۆڤ ، لەبەرئەوەى پەیوەندیدارە بە گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ژیانى رۆژانە. بەڵام ئەو دڵتەنگییەى لە حاڵەتى خەمۆکیدا هەیە تەواو ناخى مرۆڤ داگیردەکات و بەکەمى فاکتەرە دەرەکییەکان دەتوانن ببنە هۆى کەمکردن یاخود رەواندنەوەى.
لە ژیانى ڕۆژانەدا زۆر هەڵوێست و ڕوداو هەن کە مرۆڤ توشى دڵتەنگى دەکەن ، بەڵام لەوانەیە تەنها بۆ ماوەیەکى کورتى چەند ڕۆژى بەردەوام بن و نەگەنە ئاستى خەمۆکى و مرۆڤى ئاسایى بتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و توشى پەکخستنى نەکەن.
خەمۆکى چییە ؟
خەمۆکى یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییە بڵاوەکانى جیهان کە جەستە و مەزاج و بیرکردنەوەى مرۆڤ دەگرێتەوە . کاریگەرى دەکاتە سەر شێوازى خواردن و خەوتن ، هەستکرن ، بیرکردنەوە لە شتەکان. ئەم حاڵەتە گۆڕانێکى ئاشکرا لەمەزاجی مرۆڤدا دروست دەکات و خەمباردەبێت ، بەڵام هەموو کاتێک تەنها خەمبارى نیشانەیەکى بەردەوامى خەمۆکى نییە ، بەڵکو چەندین نیشانە و گۆڕانکارى لە کەسەکەدا دروست دەبێت لەوانە کەمبوونەوەى ئارەزوەکانى ، چێژ وەرنەگرتن لە هیچ شتێک ، دابەزینى تواناى مرۆڤ ، … هتد. خەمۆکى لەجۆرى ئاسانەوە تا قورس و درێژخایەنى هەیە و هەموو قۆناغەکانى تەمەن ئەگەرى توشبوونیان هەیە پێى. ئەم حاڵەتە هەڕەشەیەکە لەسەر ژیانى مرۆڤ و کاریگەری دەبێت لەسەر لایەنى کۆمەلایەتی ، ئەنجامدانى چالاکى ، کارکردن .
رێژەی تووشبوون بە خەمۆکى :
نەخۆشى خەمۆکى یەکێکە لە بڵاوترین نەخۆشییە دەروونییەکان لە جیهاندا ، ڕێژەى توشبوون بەم نەخۆشییە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى تر دەگۆڕێت. بە پێى داتاکانى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ( W.H.O) ، لە جیهاندا ( 121 ملیۆن ) کەس نەخۆشى خەمۆکیان هەیە ، تەنها لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ( 21 ملیون ) کەس توشى خەمۆکى بوون کە 9.5 % ى کۆى دانیشتوانەکەیەتى. بە گشتى ڕێژەى توشبوون بە خەمۆکى لە جیهاندا ( 15% – 20% ) ە ، لە ژناندا دوو هێندەی پیاوانە ، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە خەمۆکى نەخۆشییەکى ژنانە بێت ، بەڵکو هۆکارەکەى دەگەرێتەوە بۆ جیاوازى لایەنى بایۆلۆجى و هۆڕمۆنى ژن ، سوڕى مانگانە ، سکپڕى و مناڵبوون ، فشاری کۆمەڵایەتی و کەلتورى ،… بە پێى توێژینەوەکان لە ساڵى 2007 خەمۆکى دەبێتە یەکێک لە بڵاوترین نەخۆشییەکان لە جیهاندا ، هۆکارە سەرەکییەکانى دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنى تەکنەلۆجى و مەدەنى ، زیادبوونى فشارەکانى ژیانى ڕۆژانە. لە ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانیدا هاتووە لە هەر ( 4 کەس ) لە جیهاندا یەکێکیان توشى خەمۆکى دەبن لە کاتێک لە کاتەکانى ژیانیاندا
.
هۆکارەکانی خەمۆکی:
بۆماوە: بەپێى ئەو توێژینەوانەى ئە نجامدراون ، دەرکەوتووە بۆماوە رۆڵێکى گرنگى هەیە لە گواستنەوەى نەخۆشى خەمۆکى لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان . رێژەی تووشبوون لە کەسانی پلە یەکی نەخۆشدا دوو بۆ سێ هێندەی کەسانێکى تەندروستە.
هۆکارى بایۆلۆجی : هەر تێکچونێک لە بڕى یاخود کەمبوونى ئاستى ترشە ئەمینییەکان لە دەمارەکانى مێشکدا وەکو ( سیرۆتۆنین ، دۆپامین ، نورئەدرینالین ) هۆکارى توشبوونن بە خەمۆکى. ئەو دەرمانانەى بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنى خەمۆکى لەسەر بناغەى ئەم بیردۆزە دانراون و کاردەکەن لەسەر زیادکردنى ئاستى ئەم ماددانە لەناو مێشکدا.
هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان : مرۆڤ لە ژیانى ڕۆژانەیدا تووشى چەندین ڕوداوى چاوەڕوان نەکراو دەبێت وەکو لەدەستدانی خزم و کەس یاخود هاورێیەکی نزیک ، لەدەستدانی سەروەت و سامان و ئیشوکار ، جیابونەوەی خێزان ، ئاوارەبوون ، جەنگ ….هتد ، هەموو ئەمانە تەنگژە و فشار دروست دەکەن لەسەر مرۆڤ و بەشداردەبن لە دروستکردنى حاڵەتى خەمۆکى.
ڕەگەز : هەردوو ڕەگەز توشى نەخۆشى خەمۆکى دەبن ، بەڵام ڕێژەى توشبوون لە ڕەگەزى مێدا دوو بۆ سێ هێندەى ڕەگەزى نێرە. هەروەها ئافرەتى زەیستان لەپاش منداڵبوون ئەگەرى توشبوونی هەیە بە جۆرێکى تایبەتى خەمۆکى ، ئەویش پێى دەوترێت ( خەمۆکى زەیستانى ).
توشبوون بە نەخۆشى جەستەیى : هەندێ جار خەمۆکى دروست دەبێت ، ئەگەر ئەو کەسە پێشتر توشى نەخۆشیەکى جەستەیى بووبێت ، وەکو نەخۆشى شێرپەنجە ، نەخۆشى دڵ ، نەخۆشییە درێژخایەن و ئازاراویەکانى تر.
بەکارهێنانى دەرمان یان ئەلکهول : هەندێ جار خەمۆکى لەئەنجامى بەکارهێنانى دەرمانى نەخۆشییەکى جەستەیى یاخود خراپ بەکارهێنانى مەوادێکى تایبەت دروست دەبێت ، لەم حاڵەتەدا ئەگەر توانرا سەرکەوتوانە چارەسەرى هۆکارەکە بکرێت ئەوا خەمۆکییەکەش کۆتایى دێت. هەروەها ئەو کەسانەى کە بە زۆرى ئەلکهول یان ماددە هۆشبەرەکانى تر بەکاردەهێنن توشى خەمۆکى دەبن.
کەسایەتى : هەموو کەسێ ئەگەرى تووشبوونی بە خەمۆکی هەیە ، بەڵام تێبینی کراوە هەندێک جۆرى کەسایەتى ئامادەیی زیاتریان تێدایە بۆ توشبوون بە خەمۆکى وەکو کەسایەتی وەسواسی ، هستیری ، توندوتیژ.
نیشانەکانی خەمۆکى:
نیشانەکان بەپێى جۆر و تایبەتمەندى خەمۆکییەکە ، هەروەها بەپێى تەمەن و هۆکارەکانى توشبوون دەگۆڕێن.
بۆ ئەوەى بڕیار بدرێت کەسێک نەخۆشى خەمۆکى هەیە ، پێویستە بەلایەنی کەمەوە پێنج یان زیاتر لە نیشانەکانى بۆ ماوەی زیاتر لە دووهەفتە هەبێت و کارى کردبێتە سەر توانای ئیشکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى.
1-زوربەى کاتەکانى ڕۆژ دڵتەنگە بەتایبەت بەیانیان ، بەڵام دەمەو ئێواران کەمێک هەست بە باشبوون دەکات. دڵتەنگى لەسەر دەموچاوى دەردەکەوێت ، گۆشەى لێوەکانى بەرەوخوارەوەن ، لەڕوى خۆ ڕێکخستن و جلوبەرگەوە گرنگى بەخۆى نادات ، لەکاتى قسەکردندا سەرى شۆڕدەکاتەوە و سەیرى بەرامبەرەکەى ناکات
2-هەست دەکات ژیان خۆشى تیانەماوە ، ناتوانێت چێژ لەخۆشییەکانى ژیان و ئەنجامدانى چالاکییەکان وەربگرێت.
3-تێکچوونى ئارەزوى خواردن، لە زۆربەى حاڵەتەکاندا کەم دەبێتەوە ئەمەش وا دەکات کێشى نەخۆشەکە لەماوەیەکى کەمدا دابەزێت. ( بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ئارەزوى خواردن زۆر دەبێت و کێشى زیاد دەبێت ).
4-خەوى تێکدەچێت، بەچەند شێوەیەک وەکو درەنگ خەوى لێدەکەوێت، یان خەوەکەى پچڕپچڕە و بەردەوام نییە، بەیانیان زوو خەبەرى دەبێتەوە. ( بەڵام لە هەندێک حاڵەتى خەمۆکیدا خەوتن زیاد دەکات ).
5-تواناى ئەنجامدان و بەڕێوەبردنى سەرجەم چالاکییەکانى دادەبەزێت وەکو ئیشکردن ، خوێندن ، سەردانکردن و تێکەڵاوبوونى خەڵکى ، بەڕێوەبردنى ئیشى ناو ماڵ ، بەشداریکردن لە بۆنەکاندا.
6-هەستکردن بە ماندوبوون و شەکەتى ، کەمبوونەوەى جموجوڵ ، مانەوە لەناو جێگادا ، ( بەڵام لە هەندێک حاڵەتى خەمۆکیدا جوڵەى جەستەیى زیاد دەکات و توشى ماخۆلان دەبێت ).
7-هەستکردن بە بێنرخى، بێهیوایى و نەبوونى یارمەتى ، ڕەشبینى ، خۆ سەرزەنشتکردن ، متمانە بەخۆ نەکردن.
8-بێزاربوون لە ژیان و دووبارەوبوونەوەى بیرکردنەوە لە مردن یاخود خۆکوشتن، ( 60 % )ى حاڵەتى خەمۆکى بیرى خۆکوشتنیان هەیە، نزیکەی ( 15 – 20 % ) یان بیرۆکەکە جێبەجێ دەکەن.
سەرەڕاى ئەو نیشانانەى سەرەوە، ئەو کەسانەى توشى خەمۆکى دەبن ئارەزوى سێکسیان دادەبەزێت و تواناى ئەنجامدانى کارى سێکسیان لاواز دەبێت لە هەردوو ڕەگەزدا. دەرکەوتنى هەندێک نیشانەى جەستەیى لەوانە سەر ئێشە ، پشت ئێشە و ئازارى سک و … هتد. هەروەها لەهەندێک حاڵەتدا نیشانە ( زهانییەکان ) دەردەکەون کە بریتین لە وەهم و هەلوەسە ، نەخۆشەکە لەناو مێشکیدا گوێى لە دەنگەدەنگ و قسەکردن دەبێت بێ ئەوەى دەنگەکە هیچ سەرچاوەیەکى هەبێت ، یاخود وێنە و تارمایى دێنە بەرچاوى بێ ئەوەى لە ڕاستیدا بوونیان هەبێت.