“ئلکساندر نوواک” وه‌زیری وزه‌ی ڕووسیا به یاوه‌ری شاندێکی ئابوری و نه‌وتی و به مه‌به‌ستی دانوستانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئابوری و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کانی نێوان مۆسکۆ و تاران به تایبه‌ت له بواری نه‌وت، چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو 29ی ڕه‌زبه‌ر به سه‌ردانێکی دوو ڕۆژه ده‌گاته پایته‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ئێرنا، “مێهدی سه‌نایی” باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران له مۆسکۆ ئامانجی ئه‌م سه‌ردانه‌ی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات له بواره جیاجیاکاندا ڕاگه‌یاند.
سه‌نایی وتی: سه‌ره‌ڕای ئاستی باڵای په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان و هاوده‌نگی له پرسه ناوچه‌ییه‌کان و هه‌روه‌ها هاوکارییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی نێوان دوو وڵات، به داخه‌وه په‌یوه‌ندی ئابوری نێوان تاران – مۆسکۆ هاوشانی ئه‌م پێشکه‌وتنانه نه‌بووه.
ناوبراو ڕوونیکرده‌وه: له‌م پێناوه‌دا پێویسته بڕیاری گونجاو بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئاڵ و گۆڕه بازرگانییه‌کان له ساڵانه دوو ملیار دۆلاری ئێستا بۆ 10 ملیار دۆلاری پێش بینی کراو بگیرێته به‌ر.
سه‌نایی به ئاماژه به جه‌خت کردنه‌وه‌ی “حه‌سه‌ن رۆحانی و ڤلادیمیر پوتین” سه‌رۆک کۆمارانی دوو وڵات له وتووێژی مانگی پوشپه‌ڕی ڕابردوو له شاری ئۆفای ڕووسیا و له په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای و گرووپی برێکس، وتی: سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری وزه‌ی ڕووسیا بۆ تاران ههنگاوێکی گرنگه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات و ده‌توانێت له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا به‌دی بکرێت.
به پێی به‌رنامه‌ی ڕاگه‌ێندراو، “ئلکساندر نوواک” وه‌زیری وزه‌ی ڕووسیا و سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی هاوبه‌شی ئابوری دوو وڵات له سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ تاران له گه‌ڵ “بێژه‌ن زه‌نگه‌نه” وه‌زیری نه‌وت و چه‌ند به‌رپرسێکی دیکه‌ی ئابوری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆده‌بێته‌وه.
په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و ڕووسیا به هۆی سنورێکی هاوبه‌ش و بازاڕی هه‌ر دوو وڵات به‌ستێنێکی گونجاوه بۆ کاڵا و به‌رهه‌مه‌کانی کۆمپانیاکان و چالاکانی که‌رتی تایبه‌ت.
سه‌باره‌ت به جموجوڵه بازرگانییه‌کانی وڵاتانی جیهانی له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پاش هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان و له ده‌ره‌نجامی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی، “ئیگۆر سچین” به‌رپرسی کۆمپانیای حکومی “ڕووس نه‌وت” ڕایگه‌یاندووه: ئێران له قۆناغی پاش هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان، ڕاکێشی زۆری له بواری بازرگانیدا بۆ وڵاتانی جیهانی به تایبه‌ت له بواری نه‌وتدا ده‌بێت و به هاوڕێیه‌تی ڕووسیا و ڤه‌نزولیا ڕۆڵێکی به‌رچاویان له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ده‌رهێنانی نه‌وتدا ده‌بێت، هه‌ر بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت کێبه‌ڕکێی توند له مه‌یدانه نه‌وتییه‌کانی ئێران‌دا ڕوو بدات.
“وه‌حید عه‌لی ئهکبهرۆف” سه‌رۆکی کۆمپانیای که‌رتی تایبه‌تی نه‌وت و گازی “لۆک ئوویل” له ڕووسیا ڕایگه‌یاندووه: کۆمپانیاکه‌مان له کێبه‌ڕکێی داهاتوو له بازاڕی نه‌وتی ئێران پلانێکی گه‌وره‌ی هه‌یه.
ناوبراو ڕاشیگه‌یاندووه: ئێران ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی نه‌وت و گاز خستووه‌ته ڕوو. ئه‌م وڵاته یه‌ک له ئه‌وله‌ویاتی سه‌ره‌کی ئێمه‌یه و دانوستانی چڕ و پڕمان له گه‌ڵ تاران هه‌یه که تێیدا سه‌باره‌ت به پرۆژه‌کانی نه‌وت و گاز پێکه‌وه بیر و ڕاکامان ئاڵ و گۆڕ ده‌که‌ین.
سه‌رۆکی کۆمپانیای لۆک ئوویل له درێژه‌دا ئه‌وه‌شی باس کردووه: لۆک خاڵی به‌هێزی به‌راورد به ڕکابه‌ره‌کانی هه‌یه و پێشتریش مه‌یدانی ئه‌ناران له سه‌ر ده‌ستی شاره‌زایان و پسپۆڕانی ئێمه به فه‌رمی کراوه‌ته‌وه و له ئێستاشدا پرۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی ئه‌م مه‌یدانه ئاماده کراوه.