سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له یه‌که‌م سه‌ردانیدا بۆ ئه‌ورووپا، مانگی داهاتوو ده‌گاته وڵاتی ئیتالیا، به‌ڵام هێشتا ڕوون نییه که له گه‌ڵ پاپ کۆده‌بێته‌وه یان نه.
به پێی هه‌واڵی جام کوردی، ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئیتالیا ڕۆژی پێنج شه‌ممه ڕایگه‌یاند که حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له یه‌که‌م سه‌ردانیدا بۆ ئه‌ورووپا ده‌گاته ئیتالیا. سه‌ردانه‌که له سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی سه‌رۆک کۆماری ئیتالیا و له به‌رواری 14 و 15ی مانگی نۆڤمبێر (23 و 24ی خه‌زه‌ڵوه‌ر) ده‌بێت. ڕۆحانی له‌و سه‌ردانه‌دا له گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیتالیا کۆده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه‌کانی ئیتالیا ڕایانگه‌یاند که هێشتا ڕوون نییه که سه‌رۆک کۆماری ئێران له واتیکان له گه‌ڵ پاپ فرانسیس کۆده‌بێته‌وه یان نه.
گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانی جیهان، ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی، قه‌یرانی سوریا و عێراق و په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کانی تاران – ڕۆما ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک ڕۆحانی بۆ ئیتالیا ده‌بن. له بواری په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کانی نێوان دوو وڵات، ده‌رفه‌ته ئابورییه‌کانی به‌رده‌م کۆمپانیاکانی ئیتالیا له ئێران خاڵێکی به‌هێزه که له سه‌ر ئاستی باڵادا وتووێژی له سه‌ر ده‌کرێت.