نوێنه‌ری ئێران له کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی داماڵینی چه‌کی کۆڕی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به پڕوپاگه‌نده‌ی ڕژێمی زایۆنیستی، وه‌بیری هێنایه‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ته‌نیا ئه‌و ڕژێمه چه‌کی ناوه‌کیی هه‌یه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ڕۆیته‌رز، له میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌دا، نوێنه‌رانی ئێران و ئیسرائیل شه‌ڕه قسه‌یان هه‌بووه.
ئالۆن ڕۆتسنیر نوێنه‌ری ڕژێمی ئیسرائیل له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی داماڵینی چه‌کی ئه‌و ڕێکخراوه ڕایگه‌یاند که ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌که بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. وتیشی که ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ده‌رفه‌تێک بۆ درووست‌کردنی چه‌کی ناوه‌کی له لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه دابین ده‌کات.
له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ش، غوڵامعه‌لی خۆشڕو نوێنه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگه‌یاند که ئیسرائیل به ته‌نیا خاوه‌نی چه‌کی ناوه‌کییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به سه‌ره‌کیترین پێشێلکه‌ری یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به داماڵینی چه‌کی ناوه‌کی هه‌ژمار ده‌کرێت.
نوێنه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران، چالاکییه‌کانی تارانی له بواری وزه‌ی ناوه‌کی به ئاشتیخوازانه ناو برد و وه‌بیری هێنایه‌وه که سه‌رجه‌م چالاکییه ناوه‌کییه‌کانی ئێران له ژێر چاودێری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناوه‌کیدایه.
نوێنه‌ری ئیسرائیل له به‌رامبه‌ر به‌کارهێنانی چه‌کی ناوه‌کی له سوریا نیگه‌رانی خۆیی ڕاگه‌یاند. ناوبراو له پشتیوانی له تیرۆریستانی سوریا، دیمه‌شقی به به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی تۆمه‌تبار کرد، ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوو، میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا به ده‌یان هه‌واڵ و ڕاپۆرتیان له سه‌ر به‌کارهێنانی گازی خه‌رده‌ڵ له لایه‌ن داعشه‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه.