جام کوردی:
به پێی ڕاگه‌یاندنی سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌کانی قه‌ته‌ر، ده‌وحه به زووترین کات وتووێژه‌کانی له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس به ئامانجی هه‌ماهه‌نگی و یه‌ک هه‌ڵوێستی له پێناو وتووێژ و دانوستان له گه‌ڵ ئێران ده‌ست پێده‌کات. ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ش له حه‌فته‌ی ڕابردوو له لایه‌ن ئه‌میری ئه‌و وڵاته له دانیشتنی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان پێشنیار کرا.
ڕۆژنامه‌ی العربی الجدید سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ڕایگه‌یاندووه: شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئالی سانی، ئه‌میری قه‌ته‌ر له نیۆیۆرک ئاماده‌یی وڵاته‌که‌ی به مه‌به‌ستی میواندارێتی له وتووێژ و دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس ڕاگه‌یاند و وتی: کاتی ئه‌وه هاتووه که دانوستانه‌کانی ئامانجداری نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس ده‌ست پێ بکات، ئه‌و وڵاتانه‌ی که به حوکمی جوغرافیا بۆ هه‌میشه وه‌ک دراوسێ ده‌مێننه‌وه و پێویستیان به نێوه‌ندگێڕی هیچ وڵات و لایه‌نێکی دیکه نییه و ئێمه ئاماده‌ین که له قه‌ته‌ر میواندارێتی له‌م دانوستانانه بکه‌ین.
ئه‌میری قه‌ته‌ر جه‌ختی کرده‌وه: ناکۆکییه‌کانی نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی له ڕاستیدا ناکۆکی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که و ئێرانه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به مه‌زهه‌بی شێعه و سوننه‌وه نییه، ئێران دراوسێیه‌کی گرنگه و هاوکاری له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته له به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌که‌دایه و هیچ ناکۆکییه‌ک له په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوانمان نییه.
قه‌ته‌ر به‌م ڕاوێژه‌ی که ده‌ستیپێکردووه هه‌وڵ ده‌دات بگاته هه‌ڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا له لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که سه‌باره‌ت به پرسی وتووێژ و دانوستان له گه‌ڵ ئێران و ئه‌ڵبه‌ت هه‌وڵه‌کانیشی پێش له دانشتنی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ستپێکردبوو.
به پێی لێدوانی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی دیپلۆماسی قه‌ته‌ری، هه‌وڵه‌کانی ده‌وحه له کاتێکدایه که گرژی و ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس ڕووی له زیادبوون کردووه، به‌حره‌ین گه‌وره دیپلۆماتکاری ئێرانی له وڵاته‌که‌ی ده‌رکرد و باڵوێزه‌که‌شی له تاران به بیانووی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له کاروباری ناوخۆیی وڵاته‌که‌ی بانگهێشت کرد، پاش ڕووداوه‌که‌ی مه‌شعه‌ری مینا و کوژرانی ده‌یان حاجی ئێرانی، تاران هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆی له ڕیاز کرد، ئه‌مه‌ش هه‌ل و مه‌رجه‌که‌ی دوو هێنده ئاڵۆزتر کردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش قه‌ته‌ر به‌رده‌وامه له هه‌وڵه‌کانی به مه‌به‌ستی ڕاکێشانی تاران و لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌کان بۆ سه‌ر مێزی دانوستان.
له کاتێکدا که تاران پێشوازیی له‌م پێشنیاره‌ی قه‌ته‌ر کردووه، تا ئێستا وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس هیچ هه‌ڵوێستێکی ڕوونیان ده‌رنه‌بڕیوه، نه به فه‌رمی ڕه‌تیان کردووه و نه هاوشێوه‌ی تاران پێشوازییان لێکردووه و ئه‌مه‌ش پیشانده‌ری ناکۆکی له هه‌ڵوێست و لێدوانی ئه‌م وڵاتانه‌یه. ده‌وحه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که کۆتایی به‌م ناکۆکییه بێنێت، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئه‌میری ئه‌و وڵاته له وتاره‌که‌ی له نیۆیۆرک جه‌ختی له سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ی وڵاته‌که‌ی کرده‌وه و وتی که ڕێز له سه‌روه‌ری و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له کاروباری ناوخۆیی، داواکاری وڵاتانی عه‌ره‌بییه له ئێران.
عه‌بدووڵا باعبود به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌کانی که‌نداوی فارس له زانکۆی قه‌ته‌ر ڕایگه‌یاندووه: نه‌بوونی هه‌ڵوێستێکی ڕوون له لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به پێشنیاره‌کانی قه‌ته‌ر، بۆ به‌شێک له‌و دانوستانه چاوه‌ڕوانکراوه ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌مه‌ش ته‌نانه‌ت له ئێرانیش هه‌بووه، به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته له دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس و بابه‌ته‌کانی دیکه، هه‌ندێک کات ئارامی خۆیان پاراستووه و هه‌ندێک کات هه‌ڵوێستی توندیان ده‌ربڕیوه، به‌ڵام له ئاکامدا بینیمان که ئێران له گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا مێزی دانوستانی هه‌ڵبژارد و له‌و بڕوایه‌شدام که زیاتربوونی ناکۆکی و ئاڵۆزییه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌دا نییه.
دوا به دوای ئه‌وه‌ی که به‌حره‌ین باڵوێزی خۆی له تاران بانگهێشت کرده‌وه، سه‌رچاوه سیاسییه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی به دووریان زانی که وڵاتانی دیکه سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاڵۆزی و ناکۆکییه‌کان هه‌نگاوێکی هاوشێوه‌یان هه‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌کانیان له گه‌ڵ ئێران بپچڕێنن.
ئه‌و سه‌رچاوانه پێش بینی ئه‌وه‌یان کردووه که تا کۆتایی ئه‌مساڵ دانوستانه‌کانی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس و ئێران له قه‌ته‌ر ده‌ست پێ بکات. ئه‌مه‌ش ته‌نیا ئه‌و کاته مسۆگه‌ر ده‌بێت که وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ڵوێستێکی ڕوون و هاوشێوه‌یان هه‌بێت. ڕه‌نگه ئه‌م بابه‌ته له کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریکاری که‌نداوی فارس یه‌کلابکرێته‌وه که له مانگی دسمبێری داهاتوو له ڕیاز به‌ڕێوه ده‌چێت.