ڕه‌زا ڕه‌حمه‌تیان
سه‌ردانی وه‌فدی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی که له سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی ژووری بازرگانی کرماشان ئه‌نجام درا، هه‌نگاوێکی گرنگ و دڵخۆشکه‌ره‌وه بوو، به تایبه‌ت له پاش ئه‌وه‌ی که دوکتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌رگرت تێڕوانینی ئه‌رێنی به‌ڕێزیان به په‌ره‌پێدانی ئاڵ و گۆڕه بازرگانییه‌کان له گه‌ڵ پارێزگا سنورییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک هانده‌رێکی گرنگ بوو که له سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ سنه و پاشان سه‌ردانی به‌ڕێز زاهیدی پارێزگاری کوردستان بۆ سلێمانی ئاشکرا بوو، به‌ڵام ئه‌م بۆشاییه له په‌یوه‌ندییه‌کانی سلێمانی و کرماشان هه‌ستی پێ ده‌کرا. پارێزگای کرماشان له بواری گه‌شتیاری، کشتووکاڵ، ته‌ندرووستی و ده‌رمانی و بازرگانی به تایبه‌ت به هه‌بوونی خاڵێکی سنوری وه‌ک په‌روێزخان هه‌ل و مه‌رجێکی له‌باری بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی له گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه. به تێڕوانینێک به ته‌وه‌ری دانوستان و وتووێژه‌کان و ئه‌ڵبه‌ت لێدوانه‌کانی سه‌رۆکی وه‌فدی ئابوری سلێمانی به ڕوونی ده‌توانین بڵێین که ده‌فرایه‌تی، توانایی و له هه‌مووش گرنگتر، ئیراده‌یه‌کی جیدی بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م بارودۆخه له‌باره بوونی هه‌یه. هه‌رێمی کوردستان و بازاڕه‌کانی له لایه‌ن وڵاتانی جیهان به تایبه‌ت وڵاتانی دراوسێ و ئه‌ڵبه‌ت ڕکابه‌ری ئێران گرنگی و بایه‌خی پێ ده‌درێت. له‌م نێوه‌نده‌شدا تورکیا به په‌یره‌وکردنی سیاسه‌تێکی گونجاو له بواری ئابوری پێشی له ئێران گرتووه و به پێی ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان، کۆمپانیا تورکییه‌کان به ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له هه‌رێم ئاماده‌بوونیان هه‌یه و بازاڕه‌کانی هه‌رێم له کاڵا و به‌رهه‌مه‌کانی تورکیا سه‌رڕێژ بووه. به پێی په‌یوه‌ندی به‌هێزی سیاسی ئێستا و ڕابردووی پڕ سه‌ره‌وه‌ری په‌یوه‌ندی کۆماری ئیسلامی ئێران له گه‌ڵ کوردانی هه‌رێم، چاوه‌ڕوانییه‌کان له‌وه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرا که هاوشانی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی سیاسی، په‌یوه‌ندی ئابوری نێوان هه‌ولێر و تاران گه‌شه‌ی هه‌بوایه. له ئێستادا باسی ڕابردوو ده‌سکه‌وتی وه‌های بۆ ئێمه نابێت و پێویسته به پلانێکی گونجاو بیر له به‌شدارییه‌کی چالاک له بازاڕه‌کانی هه‌رێم بکه‌ینه‌وه، به مه‌رجێک به‌رپرسان بیانه‌وێت و وه‌به‌رهێنه‌رانیش هه‌ندێک بنه‌مای وه‌ک کوالیتی کاڵا، حه‌ز و خواستی به‌کارهێنه‌ران و ڕاکێشیگه‌لی له ده‌سکه‌به‌ندی له به‌ر چاو بگرن. به هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌موو کات که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌فرایه‌تییه‌کانی باڵای گه‌شتیاری له لایه‌ن به‌رپرسانی پارێزگای کرماشانه‌وه به بایه‌خه‌وه سه‌یر کراوه، ناساندنی پۆتانسێڵ و لێهاتوویی پارێزگاکه به تێڕوانینێک به هاوبه‌شی کلتوری و زمانی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت به‌شێک له‌و ئامانجه پێش بینی کراوانه ده‌سته‌به‌ر بکات. توانای پارێزگای کرماشان له بواری ته‌ندرووستی و ده‌رمانی ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری به‌شێکی زۆری نه‌خۆشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بێت، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که له ڕووی نزیکی ڕێگا و تێچووی سه‌فه‌ر و ده‌رمان جیاوازی کرماشان و وڵاتانی دیکه بۆ نه‌خۆشه‌کانی هه‌رێم زۆر گرنگه و گوشارێکی ئه‌وتۆ له سه‌ر نه‌خۆشه‌کان و هاوڕێیانیان نابێت. وه‌به‌رهێنانی پارێزگای کرماشان به تایبه‌ت چیمه‌نتۆ، خوارده‌مه‌نی و به‌رهه‌مه کشتووکاڵییه‌کان ده‌توانێت به‌شێک له پێداویستییه‌کانی هه‌رێم دابین بکات. توانا و ده‌فرایه‌تییه‌کانی پارێزگای کرماشان و پێداویستییه‌کانی پارێزگای سلێمانی دوو بابه‌تی سه‌ره‌کین که هه‌وڵ و دڵسۆزی به‌رپرسانی ده‌وێت که گیانێکی دیکه به که‌رتی هه‌نارده‌کاری ببه‌خشن و له قۆناغی پاش هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان به‌شێک له کێشه‌کانی وه‌ک بێ‌کاری گه‌نجانی ئه‌م پارێزگایه‌ی پێ چاره‌سه‌ر بکه‌ن که به لانکه‌ی شارستانیه‌تی ئێران ناوی لێنراوه. پایته‌ختی ڕۆشنبیری هه‌رێمی کوردستان درگاکانی خۆی به ڕووی بازرگانان و چالاکانی ئابوری پارێزگای کرماشان کردووه‌ته‌وه به مه‌رجێک له‌م ده‌رفه‌ته به باشترین شێواز که‌ڵک وه‌ربگیردرێت. ژووری بازرگانی کرماشان هه‌نگاوی یه‌که‌می به‌هێزه‌وه هه‌ڵگرت، له چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی دووه‌می به‌رپرسانی دیکه‌دا ده‌مێنینه‌وه.
سه‌رنووسه‌ری جام کوردی