چین به پێشنیارێکی پێنج قۆناغی، جه‌خت له سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سوریا ده‌کاته‌وه، پێداگری له سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌کات که سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بگه‌نه چاره‌سه‌رێکی هاوبه‌ش له پێناو گه‌یشتن به ئامانجی کۆتایی هێنان به‌م قه‌یرانه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ئێرنا، هونگ لی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ڕوونیکرده‌وه که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان سه‌رقاڵی خێراتربوونی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌کانن به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ قه‌یرانی سوریا. ناوبراو وتی: هه‌ندێک پێشنیاری داهێنه‌رانه و کاریگه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا بۆ چاره‌سه‌ری سیاسییانه‌ی قه‌یرانی سوریا گه‌ڵاڵه کراوه که داواکاری چین هه‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌موو لایه‌نه‌کانی کاریگه‌ری قه‌یرانه‌که بگه‌نه ڕێگاچاره‌یه‌کی سیاسی.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین جه‌ختی کرده‌وه که وڵاته‌که‌ی له هه‌ر هه‌نگاوێکی سیاسی به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا پێشوازی ده‌کات.
هونگ لی هه‌وڵه‌کانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانی وه‌ک ناردنی نوێنه‌رانێک بۆ وتووێژ له گه‌ڵ به‌رپرسانی سوریا به گرنگ ناو برد و وتی چین له‌م پێناوه‌دا پێنج پێشنیار ده‌خاته‌ڕوو که بریتین له:
1)پێویسته سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان به‌و ده‌ره‌نجامه بگه‌ن که قه‌یرانی سوریا چاره‌سه‌ری سه‌ربازیی نییه و به ته‌نیا به وتووێژ و ئامرازی سیاسی چاره‌سه‌ر ده‌کرێت .
2)له قۆناغی ڕاگوزه‌ری سیاسی به ته‌نیا خه‌ڵکی سوریا ده‌توانن بڕیار له سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی وڵاتی خۆیان بده‌ن.
3)گه‌یشتن به کۆده‌نگی نیشتمانی و ئه‌نجامدانی به‌په‌له‌ی وتووێژه‌کان سه‌باره‌ت به دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی قه‌یرانی سوریا.
4)پێویسته له پێناو گه‌یشتنی سوریا به چاره‌سه‌ری و یه‌کێتی نیشتمانی پاڵپشتی ئه‌و وڵاته بکرێت.
5)ناردنی یارمه‌تی مرۆڤدۆستانه بۆ سوریا و ئه‌و وڵاتانه‌ی که په‌نابه‌ره سورییه‌کانی تێدا نیشته‌جێیه.
ناوبراو له درێژه‌دا ڕایگه‌یاند که پێویسته به بایه‌خه‌وه سه‌یری کێشه‌ی تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان له سوریا بکرێت.