جام کوردی:
ئه‌و پێشنیاره‌ی که شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئالی سانی ئه‌میری قه‌ته‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو ئاشکرای کرد و ڕایگه‌یاند که وڵاته‌که‌ی ده‌توانێت میواندارێتی له وتووێژی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس و ئێران له ده‌وحه بکات، بوو به هۆی سه‌رسوڕمانی زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی. ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوو قه‌ته‌ر هه‌زاران سه‌رباز و چه‌کی قورس و فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری به‌ره‌و یه‌مه‌ن نارد تا له‌و ئیئتلافه‌دا به‌شداری بکات که به سه‌رکردایه‌تی عه‌ره‌بستان به ئامانجی دژایه‌تیکردنی حه‌وسییه‌کان پێکهاتووه.
به پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی العرب چاپی له‌نده‌ن، شێخ ته‌میم له وتاره‌که‌یدا له کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان جه‌ختی له سه‌ر دابه‌زینی ئاستی ناکۆکی و ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس کرد و وتی که بنه‌ڕه‌تی ئه‌م ناکۆکییه بۆ کێشه سیاسییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه نه‌ک کێشه‌ی تائیفی و مه‌زهه‌بی و ده‌توانین به وتووێژ و دانوستان ئه‌م ناکۆکییه چاره‌سه‌ر بکه‌ین و به پێی یاسا و ڕێسایه‌کی ڕوون دووباره په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و وڵاتانی که‌نداوی فارس بونیات بنێینه‌وه، به پێی یاسای نه‌بوونی ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆیی یه‌کدی.
ناوبراو پاشان به ئاماژه به سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا وتی: له ماوه‌ی ڕابردوو وتووێژێکی ئامانجدار له نێوان کۆمه‌ڵگای جیهانی و ئێران ئه‌نجام درا، هه‌ر بۆیه وڵاتانی دراوسێ پێویستیان به نێوه‌ندگێڕی وڵات و لایه‌نێکی دیکه نییه و ئێمه ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان هه‌یه له قه‌ته‌ر پێشوازی له وه‌ها دانوستانێک بکه‌ین.
شێخ ته‌میم پێشوازی له ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی نێوان ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی 1+5 کرد و وتی: هه‌نگاوێکی ئیجابی و گرنگ بوو و ئێمه ده‌زانین که ئه‌م ڕێکه‌وتنه کاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌من و سه‌قامگیری ناوچه‌که ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه خالید عه‌تییه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر داوای ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ تاران کرد و له وتووێژێک له گه‌ڵ هه‌واڵده‌ری ڕۆیته‌رز جه‌ختی له سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس له گه‌ڵ ئێران کرد و وتووێژی ڕاسته‌وخۆی له گه‌ڵ تاران به کاریگه‌ر ناو برد.
ناوبراو وتی: ئێمه پێویستمان به وتووێژی جیدی له گه‌ڵ تاران هه‌یه، ئێمه دراوسێین و ناتوانین جوغرافیا بگۆڕین.
هه‌ڵوێستی نوێی قه‌ته‌ر به ڕوونی پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس به تایبه‌ت عه‌ره‌بستانه. ڕیاز به‌رده‌وام بیر له دژایه‌تیکردنی تاران ده‌کاته‌وه و سه‌باره‌ت به ڕێکه‌وتننامه‌ی ڤییه‌نا به ڕوونی ڕایگه‌یاندووه که ئه‌م ڕێکه‌وتنه ده‌بێته هۆی به‌ره‌وپێشچوونی ئامانجه‌کانی ئێران له به‌رامبه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس.
له لایه‌کی دیکه‌وه له ئێستادا قه‌ته‌ر ئه‌ندامی ئه‌و ئیئتلافه‌یه که دژ به حه‌وسییه‌کانی هاوپه‌یمانی ئێران له یه‌مه‌ن شه‌ڕ ده‌که‌ن. که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی قه‌ته‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له ڕاۆپۆرتێکدا ڕایگه‌یاند که ده‌وحه هه‌زار هێزی چه‌کداری ڕه‌وانه‌ی یه‌مه‌ن کردووه تا به یاوه‌ری هێزه‌کانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی دژ به حه‌وسییه‌کان شه‌ر بکه‌ن، فرۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ش چه‌ندین مانگه به‌شداری هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌کان ده‌که‌ن.
شرۆڤه‌کاران له‌و بڕوایه‌دان که هه‌ڵوێستی نوێی قه‌ته‌ر به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه که له ناوچه‌که پێداگری له سه‌ر بژارده‌ی سه‌ربازی ده‌که‌ن. قه‌ته‌ر چه‌ندان بایه‌خ به بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی هاریکاری که‌نداوی فارس نادات و ئه‌مه‌ش پێشتر بوونی هه‌بووه. ئه‌و کاته‌ی که ئاڵۆزییه‌کانی ساڵی 2013 و 2014 به‌رۆکی وڵاتی میسری گرتبوو، قه‌ته‌ر له هه‌ڵوێستێکی دژ به ئه‌نجومه‌نی هاریکاری که‌نداوی فارس تا ماوه‌یه‌ک ئیدانه‌ی ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانییه‌کانی ده‌کرد و ئاماده‌ی هاوکاری له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی ئه‌و وڵاته نه‌بوو. پاش ئه‌مه‌ش له گه‌ڵ تورکیا به‌ره‌یه‌کی پێکهێنا که بوو به هۆی تووڕه‌یی وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس و ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه‌کانیان له گه‌ڵ قه‌ته‌ر.
به بڕوای شاره‌زایانی کاروباری سیاسی شێوازی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان قه‌ته‌ر و ئێران له گه‌ڵ وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانی دیکه‌ی دراوسێی جیاوازی هه‌یه. قه‌ته‌ر له گه‌ڵ ئێران مه‌یدانی گازی هاوبه‌شی هه‌یه و به‌شێکی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ ئێران له‌م چوارچێوه‌دا پیناسه ده‌کات، له هه‌مان کاتدا قه‌ته‌ر خوازیاری ئه‌وه‌یه له کرانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و واشنتن هاوڕێیه‌تی بکات. قه‌ته‌ر سه‌باره‌ت به قه‌یرانی سوریا بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هاوشێوه‌ی هه‌یه. به تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی که کێشه ناوخۆییه‌کانی تورکیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی به خۆوه سه‌رقاڵ کرد و چیدی ده‌رفه‌تی پاراستنی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ی له گه‌ڵ قه‌ته‌ر نه‌ماوه. ده‌وحه پێی وایه که تاران ده‌توانێت جێگره‌وه‌یه‌کی شیاو بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه بێت.