پێناچێت ئه‌و قه‌یرانه‌ی که به‌رۆکی که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی گرتووه و بووه‌ته هۆی دابه‌زینی له سه‌دا 25ی ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی، ته‌نیا به هۆکاری ئابوری بێت. به پێی ڕاپۆرته‌کان، که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا نزیک له 600 ملیۆن دۆلار زیانی پێگه‌یشتووه. ئه‌و بابه‌ته‌ی که بووه‌ته هۆی پێداچوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی قه‌ته‌ری له شێوازی چالاکی ئه‌م که‌ناڵه و بیر له ڕاکێشانی سه‌رمایه‌گوزاری نوێ و ده‌سته‌به‌رکردنی داهاتی نوێ بکه‌نه‌وه.
به‌و پێیه‌ی که به‌رپرسانی قه‌ته‌ر ده‌ڵێن ئه‌و کاته‌ی که شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه ئالی سانی، ئه‌میری پێشووی قه‌ته‌ر له ساڵی 1996 که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی دامه‌زراند بیرۆکه‌یه‌کی ئابوریی نه‌بووه و پرۆژه‌یه‌ک نه‌بووه که قازانجی هه‌بێت و داهاتی وڵات به‌رزتر بکاته‌وه. ناوبراو بیری له دابین کردنی پرۆژه‌یه‌کی سیاسی – میدیایی ده‌کرده‌وه تا له حکومه‌ته عه‌ره‌بییه‌کان باج وه‌ربگرێت و کاریگه‌ری له سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وان دابنێت. هه‌روه‌ها ئامانجی ئه‌وه بوو که ئاستی ده‌سه‌ڵاتی قه‌ته‌ر به سه‌ر ڕای گشتیدا به‌رزتر بکاته‌وه. وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل به‌رده‌وام وه‌ک وڵاتێک سه‌یری قه‌ته‌ریان ده‌کرد که میدیایه‌کی به‌هێزی هه‌یه و ده‌توانێت له جیهانی عه‌ره‌ب که‌لێن درووست بکات و پێشهاته‌کان تووشی گۆڕانکاری بکات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره له سه‌ره‌تادا که‌ناڵێکی جیاواز بوو و زیاتر له هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کی میدیایی دیکه له به‌رامبه‌ر شرۆڤه‌کردنی کێشه و قه‌یرانه‌کانی جیهانی عه‌ره‌ب لێهاتوویی خۆیی پیشان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک که بینه‌ران هه‌ستیان به‌وه کرد که ئه‌م که‌ناڵه ئامانجه سیاسییه‌کانی حکومه‌تی قه‌ته‌ر به‌ڕێوه ده‌بات و تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی میدیایی گه‌وره ده‌بوو و ڕاستییه‌کانی په‌رده‌پۆش ده‌کرد، درێژه‌ی نه‌خایاند که سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌لجه‌زیره وه‌ستێندرا و زێده‌ڕۆیی قه‌ته‌ر له به‌کارهێنانی ئه‌م که‌ناڵه وه‌ک که‌ناڵێکی تایبه‌ت بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که ئاستی ڕاستگۆیی و باوه‌ڕپێکراوی ئه‌م که‌ناڵه دابه‌زێت و پێگه‌ی خۆی له جیهانی عه‌ره‌بیدا له ده‌ست بدات، له به‌ر ئه‌وه‌ی که جیاوازییه‌کی زۆر له نێوان ئه‌وه‌دا هه‌یه که حکومه‌تی قه‌ته‌ر له ڕێگای که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌وه ده‌یڵێت و ئه‌وه‌ی که له سه‌ر ئه‌رزی واقیع بینه‌ر خۆی هه‌ستی پێده‌کات. بۆ نموونه ئه‌لجه‌زیره له کاتێکدا به توندی ڕه‌خنه له سیاسه‌ته‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌گرێت که قه‌ته‌ر گه‌وره‌ترین بنکه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریکای له ناوچه‌که‌دا هه‌یه، یان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دوژمنایه‌تییه‌ی که ئه‌م که‌ناڵه له به‌رامبه‌ر ڕژێمی ئیسرائیل پیشانی ده‌دات، ده‌وحه په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له گه‌ڵ ته‌ل ئه‌بیب هه‌یه و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌دات ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیان به‌رزتر بکاته‌وه.
ڕوون و ئاشکرایه که قه‌یرانه‌که‌ی ئه‌لجه‌زیره زیاتر له‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی به بواری ئابورییه‌وه هه‌بێت، په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ت و ستراتیژی ئه‌م که‌ناڵه‌وه هه‌یه به‌رامبه‌ر به بارودۆخ و پێشهاته سیاسییه‌کان له ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت جیهان. که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره پاش شۆڕشی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی به هۆی بیر و هزری تاکلایانه و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی قه‌ته‌ر له سیاسه‌ته‌کانی به‌رامبه‌ر به‌م شۆڕشانه، به‌ره‌و سه‌ره‌ولێژی ڕووخان ڕۆیشت. به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به میسر که وه‌ک یه‌کێک له‌و گرنگترین وڵاتانه‌ی بوو که له شۆڕشه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی گۆڕانکاری به‌رده‌وامی به‌خۆوه بینی، له کاتێکدا که حکومه‌تی قه‌ته‌ر له ڕووی ڕق و کینه‌وه دانی به ڕاستییه‌کاندا نه‌نا و به ته‌نیا له گۆشه نیگای به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌وه سه‌یری گۆڕانکارییه‌کانی ده‌کرد. ئه‌م بابه‌ته‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی میسرییه‌کان ئه‌م که‌ناڵه‌یان وه‌ک که‌ناڵێک دژ به ئه‌من و سه‌قامگیری نیشتمانی و به‌رژه‌وندی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێناسه ده‌کرد. که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره به له‌به‌رچاو نه‌گرتنی بنه‌مای بێ لایه‌نی له ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵه‌کان، که‌ش و هه‌وای بێ متمانه‌یی زیاتر له هه‌ر کاتێکی دیکه په‌ره‌پێدا.
به ڕای من چیرۆکی سه‌رکه‌وتن و ڕووخانی که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره وانه‌یه‌کی به هه‌موو په‌یامنێران و ڕۆژنامه‌نووسان و به‌گشتی چالاکانی بواری میدیایی فێرکرد. ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی نانه‌وه، نه‌بوونی ڕۆحیاتی نیشتمان په‌روه‌ری و که‌ڵک وه‌رگرتنی بێ هه‌ژمار له ئامرازی سیاسی، وه‌ک نه‌خۆشییه‌ک وایه که ڕه‌وایه‌تی هه‌ر میدیایه‌ک له ناو ده‌بات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بودجه‌یه‌کی زۆر له پێناو ئه‌و میدیایه‌دا سه‌رف بکرێت.
نووسه‌ر: موکه‌ڕه‌م محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د
سه‌رچاوه: الاهرام
وه‌رگێڕان: جام کوردی