له ڕێ و ڕه‌سمێکدا که له شاری مه‌شهه‌دی ئێران به به‌شدای کۆمه‌ڵێک له هونه‌رمه‌ندان به‌ڕێوه‌چوو، ئۆتۆمبێلی جۆری په‌یکانی عه‌لی که‌ریمی ئه‌ستێره‌ی به‌ناوبانگی پێشووی تۆپی پێی ئێران به بڕی 508 ملیۆن تمه‌ن فرۆشرا و پاره‌که‌شی وه‌ک یارمه‌تی بۆ که‌م ئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌کانی سه‌نته‌ری شه‌هید فه‌یاز به‌خش ته‌رخان کرا.
له‌و ڕێ و ڕه‌سمه‌دا که چه‌ند خێرخواز و ئه‌ستێره‌ی سینه‌ما و چالاکی بازاڕی شاری مه‌شهه‌د به‌شداری بوون به ده‌ر له‌و بڕه پاره‌یه، 2 ملیار تمه‌نی دیکه‌ش هه‌ر بۆ یارمه‌تی ئه‌و که‌م ئه‌ندامانه کۆکرایه‌وه.
عه‌لی که‌ریمی که لای ئێرانییه‌کان و ته‌نانه‌ت لایه‌نگرانی یاری تۆپی پێ له وڵاتانی دیکه‌ش ناوێکی ئاشنایه، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی وتی: ماوه‌ی دوو ساڵه که له گه‌ڵ ئه‌م بنکه‌یه په‌یوه‌ندیم هه‌یه و ئه‌مه‌ش که ده‌توانم یارمه‌تی ئه‌م مرۆڤانه بده‌م جێی شانازی و خۆشحاڵی منه. ناوبراو به ئاماژه به بیره‌وه‌رییه‌کانی له‌م ئۆتۆمبێله که بۆ ساڵانی پێشووتر و سه‌رده‌می لاویه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه، وتی: خۆشحاڵم به‌وه‌ی که پاره‌ی فرۆشتنی ئه‌م ئۆتۆمبێله بۆ که‌ه‌م ئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌کان ده‌بێت و ئه‌مه‌ش شایی ژیانم زیاتر ده‌کات و زیاتر له ڕابردووش بیره‌وه‌رییه‌کانم شیرین‌تر ده‌بن.