به‌پێی ڕاپۆرتی جام کوردی مامۆستا نه‌جمه‌دین قادر سه‌باره‌ت به کاره‌ساته‌که‌ی حه‌ج وتی: سه‌ره‌تا پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی کوژراوان و شه‌هیدانی حه‌ج ده‌که‌م و داواش له خودای مه‌زن ده‌که‌م که ڕۆحیان به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بکات و که‌س و کاریشیان سه‌بر پێ بدات.
ناوبراو له درێژه‌دا وتی: به‌ڕاستی کاره‌ساتێکی گه‌وره بوو که دڵی هه‌موو موسڵمانان و بگره ڕێڕه‌وانی ئایینه‌کانی دیکه‌شی هه‌ژاند، چونکه به‌داخه‌وه کاره‌ساتێکی گه‌وره له‌ناکاو ڕووی دا و به یه‌کجار چه‌ند هه‌زار که‌س کوژران و چه‌ندین که‌سیش برینیان لێ که‌وت. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌ڵگری چه‌ند خاڵی جیاوازه و یه‌که‌م ئه‌وه‌یکه موسڵمانان ده‌بێ به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ک بکه‌ن سه‌باره‌ت به حه‌ج. ئه‌و شته‌ی که ئێستا پێویسته ئێمه سه‌رنجی بۆ بده‌ین ئه‌وه‌یه که ئه‌م مه‌سه‌له به سیاسی نه‌کرێت و داواکاری سه‌رجه‌م موسڵمانه‌کانی وڵاتانی دیکه‌ش به‌رچاو بگیردرێت. چونکه ئه‌م شوێنه پیرۆزه له نێوان هه‌موو موسڵماناندا هاوبه‌شه و قیبله‌ی موسڵمانانه و له هه‌موو جیهانه‌وه ڕووی تێ ده‌که‌ن و ته‌نها ئیداره‌که‌ی به ده‌ستی وڵاتی سه‌عوودیایه. که واته ده‌بێ هه‌موو داواکارییه‌کانی وڵاتانی موسڵمان له هه‌مووی جیهانه‌وه به‌رچاو بگیردرێت و ئه‌و چاکسازییانه‌ی که وڵاتانی موسڵمان داواکارن جێبه‌جێ بکرێت. ئه‌م کاره‌ساته ده‌توانێ له هه‌ر شوێنێکی دیکه‌ش ڕوو بدات ئێمه له ساڵی 2009 ڕۆشتینه حه‌ج، به‌داخه‌وه هه‌ندێ شوێن به شێوه‌یه‌کی ناشایسته به‌ڕێوه ده‌چوون و شوێنی حاجی چاک نه‌بوون، به‌ڵام به‌پێی پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان ده‌کرێ ئه‌م شوێنانه به شێوازێکی باشتر به‌ڕێوه بچن. خانووی خودا ده‌بێ به چاکترین شێوه ئیداره بکرێت به‌ڵام بۆ تا ئێستا نه‌کراوه جێی پرسیاره.
نه‌جمه‌دین قادر هۆکاری ڕووداوه‌که بۆ چه‌ند شت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌ڵێت: بۆ خۆم چه‌ند جار له حه‌ج ڕێنما بوومه، به‌ڕاستی هۆکاره‌کان یه‌که‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که شوێنه‌کان زۆریان ته‌نگه‌به‌رن و به داخه‌وه به شێوه‌ی گونجاو بۆ حاجییان ئاماده نه‌کراوه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئیداره ده‌بێ ئه‌وه‌نده ته‌واو بێ که ئه‌گه‌ر شتی له‌م شێوه ڕووی دا ڕێگه نه‌ده ئه‌وه‌نده خه‌ساری لێ بکه‌وێته‌وه. ساڵی 2004یش به داخه‌وه 250 که‌سی دیکه‌ش شه‌هید بوون. مه‌سه‌له‌ی دیکه‌ش ئه‌وه‌یکه به داخه‌وه جارجار موسڵمانان به گوێ مامۆستا و ڕێنمایانی حه‌ج ناکه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ خۆی کێشه ساز ده‌کات. به داخه‌وه وڵاتی ئێمه، کۆماری ئیسلامی ئێران، تورکیا و وڵاتانی ئه‌فریقی له‌م جۆره ڕووداوانه‌دا زۆرمان به‌ر ده‌که‌وێت به‌ڵام وڵاتانی پێشکه‌وتووی وه‌ک مالێزیا و ئه‌ندۆنێزیا و … که حاجیانیان به قسه‌ی ڕێنماکانیان ده‌که‌ن زۆر که‌متر به‌رکه‌وته‌یان هه‌یه.
ناوبراو وتی: سه‌باره‌ت به خزمه‌تگوزاری به حاجییان باشترین وڵات یه‌که‌م ئێرانه و پاشان تورکیا به‌ڵام له ڕێنماییه‌کاندا به‌مجۆره نییه و به داخه‌وه موسڵمانانی ئێمه جارجار که‌مته‌رخه‌می ده‌که‌ن. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه نابێ هه‌موو که‌موڕکوڕییه‌کان بۆ دائیره و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج بگه‌ڕێنینه‌وه. دیاره هه‌ر که‌س به‌رپرسه ده‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی زیاتری لێ بکرێت به‌ڵام ماڵی خودایه و نابێ ته‌نیا تاک یان لایه‌نێک به تاوانبار بزانین. له‌م کاره‌ساته‌دا زۆرترین به‌رپرسایه‌تی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌عوودی، دواتر لێژنه‌ی حه‌جی وڵاتان، دواتر ڕێنماکان و له کۆتاییشدا ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌ستۆی حاجییه‌کان خۆیان که ئه‌مه واته زۆر که‌س به‌رپرسن. ئه‌ڵبه‌ت به‌رپرسایه‌تی سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بستان.
له کۆتاییشدا وتی: به تایبه‌ت سه‌ره‌خۆشی و پرسه‌ی خۆم ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێران ده‌که‌م، هه‌موو ئێرانییه‌ک خزمی ئێمه‌یه و ته‌نانه‌ت چه‌ند له به‌رکه‌وته‌کانیش خه‌ڵکی مه‌هاباد بوون، سه‌ره‌خۆشی له خه‌ڵک و به‌رپرسانی ئێران و به‌تایبه‌ت ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی واته ئایه‌توڵا خامنه‌یی ده‌که‌م.