وتارخوێنی هه‌ینی شاری پاوه نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کردووه و تێیدا ڕایگه‌یاندووه: کاره‌ساته‌که‌ی منا پیشانده‌ری بێ به‌رپرسایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بستانه و بووه‌ته هۆی خه‌م و که‌سه‌رێکی زۆر له نێوان کۆمه‌ڵگای ئیسلامی.
به پێی هه‌واڵی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ئێرنا، مامۆستا قادر قادری له نامه‌که‌یدا به ئاماژه به شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له حاجیان له ڕۆژی جێژنی قوربان و له کاتی به جێهێنانی یه‌کێک له گرنگترین و پیرۆزترین ئه‌رکه ئائینییه‌کان، ڕایگه‌یاندووه که ئه‌م کاره‌ساته دڵی موسڵمانانی تازیه‌بار کردووه و جیهانی ئیسلامی تووشی خه‌م و که‌سه‌رێکی به‌رفراوان کردووه.
له درێژه‌ی نامه‌که‌ی وتارخوێنی هه‌ینی شاری پاوه بۆ ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕسی ئیسلامی ئێران هاتووه: به‌داخه‌وه شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌ک له هاووڵاتیانمان له‌م کاره‌ساته‌دا، ئازاره‌کانی زیاتر کردووه و بێ گومان وه‌ها ڕووداوێک پیشانده‌ری بێ به‌رپرسایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بستان و به‌ڕێوه‌بردنی ناته‌ندرووستی ئه‌وانه و ئه‌مه‌ش دۆعای شه‌ڕی سه‌رجه‌م زانایان و خه‌مخۆرانی دینی به دواوه هێناوه.
مامۆستا قادری له کۆتاییدا داوای له خودای گه‌وره و مه‌زن کردووه، به ڕه‌حمه‌تی خۆی شه‌هیدانی ڕی و ڕه‌سمی حه‌جی ئه‌مساڵ ببه‌خشێت و سه‌بوریش بداته که‌س و کار و به‌جێماوانی ئه‌وان.