سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونیکرده‌وه: تاران بۆ به‌شداری کۆمپانیاکانی ئه‌مریکا له گۆڕه‌پانی ئابوری – بازرگانی ئێران به‌ربه‌ستێک دانانێت و ئه‌وان ده‌توانن له که‌ش و هه‌وای کێبه‌ڕکێی پاش هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان به مه‌به‌ستی سه‌رمایه‌گوزاری و گواستنه‌وه‌ی ته‌کنۆلۆژیا بۆ ئێران که‌ڵک وه‌ربگرن.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حکومه‌ت، حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له میانه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیا بازرگانی، ئابوری و پیشه‌سازییه‌کانی ئه‌مریکا به ئاماژه به دانوستانه‌کانی کۆمپانیا زه‌به‌له‌حه‌کانی ئه‌ورووپا و ئاسیا له گه‌ڵ تاران وتی: قۆناغی پاش هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان، هه‌ل و مه‌رجێکی نوێی ئابوری و سیاسیی دابین کردووه که پێویسته کۆمپانیا گه‌وره‌کانی بواری بازرگانی، ئابوری و پیشه‌سازی که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن.
ڕۆحانی به ئاماژه به هه‌ندێک کێشه و به‌ربه‌ستی به‌رده‌م سه‌رمایه‌گوزاری و به‌شداری کۆمپانیا ئه‌مریکییه‌کان له ئێران وتی: گومان له‌وه‌دا نییه که ئه‌م دژایه‌تی و به‌ربه‌ستانه به‌رده‌وام نابن.
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: کابینه‌ی یانزه‌یه‌م له سه‌ره‌تای چالاکییه‌کانی ده‌ستی داوه‌ته چاکسازی له بواری ئابوری و ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش وابووه که سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی گه‌مارۆکان له کۆنتڕۆڵ کردنی ڕێژه‌ی هه‌ڵئاوسان سه‌رکه‌وتوو بووه و ئابوری وڵات پێی ناوه‌ته گه‌شه‌ی له سه‌دا سێ.
سه‌رۆک ڕۆحانی وێڕای شرۆڤه‌ی هه‌نگاوه‌کانی حکومه‌ت دژ به گه‌نده‌ڵی ئابوری، ڕایگه‌یاند: ئێمه هه‌وڵی به‌هێزتربوونی که‌رتی تایبه‌ت و که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی حکومه‌ت له ئابوری‌دا ده‌ده‌ین و له‌و بڕوایه‌داین که پێویسته که‌ش و هه‌وای ڕکابه‌رێتی له وڵات‌دا بخوڵقێندرێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌ر شوێنێک پاوانکاری هه‌بێت، ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی.
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران به ئاماژه به سه‌رچاوه‌کانی وزه و بارودۆخی ژئۆستراتژیکی ئێران، وتی: ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له گه‌ڵ ئه‌من و سه‌قامگیری و هێڵی ئاسنی به‌رفراوان که چین و ئاسیای ناوه‌ڕاست به ده‌ریای عۆمان گرێ ده‌دات، بارودۆخ و هه‌ل و مه‌رجێکی ئێجگار گرنگی بۆ چالاکی ئابوری خوڵقاندووه.
ڕۆحانی له درێژه‌دا به ئاماژه به هه‌وڵه‌کانی تاران به مه‌به‌ستی دابین کردنی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌که، ڕایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزی و نائارامییه‌کانی هه‌ندێک له وڵاتانی دراوسێی ئێران، وڵاته‌که‌مان ڕه‌وشێکی ئارام و سه‌قامگیری هه‌یه، ئێران ناوچه‌یه‌کی ئارامه، له کاتێکدا که ده‌بینین ئه‌ورووپا ته‌نیا به چه‌ند هه‌زار په‌نابه‌ر تووشی کێشه بووه، ئێران له ڕابردوودا نزیکه‌ی 3 ملیۆن په‌نابه‌ری ئه‌فغانی وه‌رگرتووه و له ئێستاشدا 400 هه‌زار قوتابی ئه‌فغانی له قوتابخانه‌کانی ئێران درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن.
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونیکرده‌وه: هه‌ل و مه‌رجێکی نوێ له ئێران له بواری ته‌کنۆلۆژیای نوێ، پیشه‌سازی و کشتووکاڵی هاتووه‌ته ئاراوه، ئێمه پلانه‌کانی داهاتوومان بۆ جیهانیان ڕوون ده‌که‌ینه‌وه و له‌م نێوه‌نده‌شدا یه‌کێک له ڕێگاکانی که‌مکردنه‌وه‌ی مه‌وداکانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا، هاوکارییه ئابورییه‌کانه.
حه‌سه‌ن ڕۆحانی له درێژه‌دا شرۆڤه‌ی به‌رنامه‌کانی حکومه‌تی سه‌باره‌ت به نه‌وت و گاز، کشتووکاڵ و ئابوری کرد و وتی: ئێران به‌رده‌وام پابه‌ندی ڕێکهوتننامهکانیهتی له گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر.
ناوبراو ڕایگه‌یاند: له ئێستادا و له داهاتووش، گوشاره‌کانی خه‌ڵک و کۆمپانیاکان بۆ سه‌ر حکومه‌تی ئه‌مریکا زیاتر بووه و ده‌رفه‌تی ئه‌وه ناده‌ن ئه‌م ڕێگایه‌ی ئێستا درێژه‌ی هه‌بێت.
له‌و کۆبوونه‌وه‌دا نوێنه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی ئه‌مریکا وێڕای شرۆڤه‌ی ئیمکانیات و تواناکان، پرسیاره‌کانی خۆیان ئاراسته کرد و ئاماده‌یی خۆشیان ده‌ربڕی به مه‌به‌ستی به‌شداری له گۆڕه‌پانی ئابوری و بازرگانی ئێران.