هه‌موو ساڵێک ڕێژه‌یه‌کی زۆر له عاشقانی ڕێبازی ئیبراهیمی پێغه‌مبه‌ر به مه‌به‌ستی به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج ڕوو له وڵاتی عه‌ره‌بستان ده‌که‌ن و خۆیان و دڵ و ده‌روونیان له گرد و تۆزی ئه‌م جیهانه خاوێن ده‌که‌نه‌وه و به واتایه‌کی دیکه‌ش، قۆناغێکی نوێ له ژیانیان ده‌ست پێده‌کات. ئه‌وه‌ی له ڕۆژانی ڕابردوو له میدیا جیهانییه‌کان و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه بڵاو کرایه‌وه سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته‌ی که له ڕۆژی جێژنی قوربان له شاری مه‌ککه‌ی پیرۆز له سه‌ر ده‌ستی به‌رپرسانی عه‌ره‌بستان خوڵقێندرا، به سه‌دان مرۆڤی کرد به قوربانی. ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که بنه‌ماڵه‌کانیان له جێی لاڤیته‌ی به‌خێرهێنان و پیرۆزبایی، لاڤیته‌ی پرسه و سه‌ره‌خۆشی له سه‌ر درگای ماڵه‌کانیان هه‌ڵواسن. گرنگترین هۆکاری ئه‌م کاره‌ساته بۆ نه‌بوونی ئه‌زموون و کارامه‌یی به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێکخراوی حه‌جی عه‌ره‌بستان له چۆنیه‌تی ئیداره‌کردن و به‌ڕێوه‌بردنی گه‌وره‌ترین بۆنه‌ی ئیسلامی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ژێرخانی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دابین نه‌کراوه و به درێژایی مێژووی حه‌ج تا ئێستا به هه‌زاران که‌س گیانیان له ده‌ست داوه، به‌ڵام ڕووداوه‌که‌ی ئه‌مساڵ به یه‌کێک له دڵته‌زێن ترین و تراژدیاترین کاره‌ساته‌کانی مێژووی حه‌ج هه‌ژمار ده‌کرێت. لێره‌شدا ئه‌وه‌ی که پێویسته به‌په‌له له لایه‌ن وڵاتانی ئیسلامییه‌وه بخرێته ئه‌وله‌ویاتی کار و چالاکییه‌کانیانه‌وه، پرسی ڕاسپاردنی ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێ و ڕه‌سمی حه‌جه به ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی که تێیدا هه‌موو وڵاتانی ئیسلامی ئه‌ندامن و به‌مه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که به چالاکی هاوبه‌ش و که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زموون و لێهاتوویی وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامی، چیدی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه به چاو نه‌بینرێت و مرۆڤه‌کان به‌م ئاسانییه نه‌بنه قوربانی ناشاره‌زایی و بێ به‌رنامه‌یی سه‌عودییه‌کان.